خەلیفە حەفتەر هه‌ڕه‌شه‌ له‌ توركیا ده‌كات

"تورکیا دەیەوێت بە پارەی نەوتی لیبیا ئابوورییەکەی لە دارووخان رزگار بکات"
خەلیفە حەفتەر، فەرماندەی سوپای نیشتمانی لیبیا
خەلیفە حەفتەر، فەرماندەی سوپای نیشتمانی لیبیا

K24 - ھەولێر

خەلیفە حەفتەر، فەرماندەی سوپای نیشتمانی لیبیا ھەڕەشەی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە تورکیا دەکات، "ئەگەر ئەنقەرە دەست لە داگیرکاری و کارە خراپەکانی لە لیبیا ھەڵنگرێت و ھێزەکانی نەکشێنێتەوە"، حەفتەر دەشڵێت "تورکیا دەیەوێت بە پارەی نەوتی لیبیا ئابوورییەکەی لە دارووخان  رزگار بکات".

خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا بەسەردانێکی رانەگەیەندراو گەیشتە تەرابلوسی پایتەختی لیبیا و لەگەڵ ھاوتا لیبیەکە و وەزیری ناوخۆی حکومەتی ویفاقی نیشتمانی کۆبوونەوە.

سەردانەکەی خولوسی ئاکار دوای ئەوە دێت کە رۆژی سێ شەممە پەرلەمانی تورکیا یاسای ناردنی سەربازانی سوپای تورکیای بۆ لیبیا تا 18ی مانگی داھاتوو درێژ کردەوە. ئەم بڕیارەی پەرلەمانی تورکیا و سەردانەکەی وەزیری بەرگری ئەو وڵاتەش پێچەوانەی ئەو ئاگربەستەیە کە لە ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بە نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتوەکان لە لیبیا راگەیەندرا و وادەی سێ مانگ بۆ دەرچوونی ھەموو ھێزە بیانییەکان لەو وڵاتە دیاریکرا.

لەگەڵ گەیشتنی وەزیری بەرگری تورکیا بۆ تەرابلوس، خەلیفە حەفتەر فەرماندەی ھێزە سەربازییەکانی لیبیا ھەڕەشەی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە تورکیا کرد و گوتی: "ئەمڕۆ جارێکی دیکە ھەڵوێستی نەگۆری خۆمان بیری جیھانی دەھێنینەوە، کە ئاشتی لە سێبەری داگیرکەردا ناێتەدی. بە مانەوەی ئەوانیش لەسەر خاکەکەمان ئێمە چەک ھەڵدەگرین و بەدەستی خۆمان ئاشتی بەدیدەھێنین. رووبەڕووبوونەوەی یەکلاکەرەوە لە داھاتووێکی نزیکدا دەست پێدەکات، و زانیارییە ھەواڵگرییەکانمان جووڵەی بەکرێگیراوەکانی تورکیا لە نزیک ھێڵەکانی پێشەوە دەبینرێت و سەرقاڵی دروستکردنی بنکەی سەربازی و ژووری ئۆپەراسیۆنن. ئەمەش پێداگیری تورکیا دەردەخات بۆ ھەڵگیرساندی شەڕ و بەدیھێنانی خەونەکەی بۆ فراونکردنی ھەژموون و دەسەڵاتی خۆی و کۆنترۆڵکردنی بیرە نەوتەکان و بردنی نەوتەکە لەرێگەی بەندەرەکانەوە بۆئەوەی ئابوورییەکە رووبەڕووی دارووخان بووەتەوە بە سەروەت و سامانی ئێمە رزگاری بکات و دواتریش ھەنگاو بەرەو قوڵایی ئەفریقا بنێت".

نیسانی 2019 موشیر خەلیفە حەفتەر ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی بۆ گرتنەوەی تەرابلوس راگەیاند، بەڵام بەھۆی دەستوەردانی تورکیا و ناردنی ھەزاران چەکدار لە سووریاوە بۆ لیبیا ئۆپەراسیۆنەکەی حەفتەر شکستی ھێنا.

لیبیای دەوڵەمەند بە نەوت و سەرچاوەی سرووشتییەکان دوو حکومەتی تێدایە. حکومەتێک بە سەرۆکایەتی فایز سەراج کە تەنیا تەرابلوسی پایتەختی لەدەستە. حکومەتێکیش لە رۆژھەڵات بە سەرۆکایەتی موشیر خەلیفە حەفتەر کە پەرلەمان و سوپا و زۆربەی خاکی لیبیای بە دەستەوەیە. ھەر حکومەتێکیش چەند وڵاتێک پشتگیری دەکات. دوای 9 ساڵ لە رووخانی موعەممەر قەزافی ھێشتا شەڕ و ئاڵۆزییەکان لەو وڵاتە بەردەوامن.