تەرمی گەنجێك لە رانیە بە ھەڵواسراوی دۆزرایەوە

"شوێنەواری پەت بە ملیەوە دیارە"
وێنەی ئەم گەنجەی ئەمڕۆ تەرمەكەی لە رانیە دۆزرایەوە
وێنەی ئەم گەنجەی ئەمڕۆ تەرمەكەی لە رانیە دۆزرایەوە

K24 – رانیە

لە قەزای رانیەی دەڤەری راپەڕین تەرمی گەنجێك دۆزرایەوە، كە لەناو بینایەكی تەواو نەكراو بە پەت ھەڵواسرابوو، بۆ لێكۆڵینەوەی زیاتر و راپۆرتی پزیشكی تەرمەكە رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی كراوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین ئاشكرای كرد: "کاتژمێر 9ی بەیانی ئەمڕۆ تەرمی گەنجێک گەیەنرایە پزیشکی دادوەری رانیە کە شوێنەواری پەت بە ملیەوە هەبووە، دوای ئەنجامدانی توێکاری پزیشکی بۆ تەرمەکەی پاشان بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی زیاتر تەرمەکەی هەواڵەی پزیشکی دادی سلێمانی کرا".

لە راگەیەندراوەكەی پۆلیسی راپەڕین ئاماژە بەوەكراوە: "گەنجەکە بەناوی ( ه،ت،س ) لە رەگەزی نێر، لەدایک بووی ساڵی 2001 کە پیشەی خوێندکارە و دانیشتوی رانیە گەڕەکی راپەڕینە، تەرمەکەی لەناو بینایەکی تەواو نەکراو لە رانیە گەڕەکی قولـلە بە هەڵواسراوی دۆزرایەوە پاشان گەیەنرایە پزیشکی دادوەری رانیە".

ئەوەشخراوەتەڕوو: "مەلەفی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کرایەوە و بۆ زانینی هۆکاری راستەقینەی رووداوەکە لێکۆڵینەوە دەستی پێکردووە و بەردەوامە".