شاندی دانووستانكاری حكومەت دەچێتە پەرلەمانی كوردستان
K24 - هه‌ولێر:
مونا قاوەچی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان بە "كوردستان24"ی راگەیاند، كۆبوونەوەی سبەی پەرلەمان گرنگییەكی زۆری ھەیە، بە تایبەت كە حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھیچ بیانوێكی بۆ بەغدا نەھێشتووەتەوە بۆ رێككەوتن. جەختیشی كردەوە پەرلەمان و حكومەت ھەماھەنگییەكی زۆریان ھەیە و سبەی ھەوڵ دەدرێت رێگەیەك بۆ چارەسەری دۆخی ئێستا دابندرێت.
مونا قاوەچی گوتی: "شاندی دانووستانكاری حكومه‌تی هه‌رێمی كردستان، كه ماوه‌ی دوو هه‌فته له‌به‌غدا بوون، بڕیاره سبه‌ی سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستان بكه‌ن، بۆ خستنه‌ڕووی ئه‌نجامه‌كانی دانووستان، حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھیچ بیانوێكی بۆ بەغدا نەھێشتووەتەوە بۆ رێككەوتن، گرنگی سه‌ردانه‌كه‌ی شاندنی دانووستانكار له‌وه‌دایه، له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان و لیژنه‌كانی وزه و دارایی و یاسایی كۆده‌بێته‌وه، بۆئه‌وه‌ی تاوتوێی ئه‌نجامه‌كان بكه‌ن و پێشنیاز بده‌نه حكومه‌ت".
مونا قاوەچی گوتیشی: "هاتنی شاندنی حكومه‌تی هه‌رێم، شه‌فافبوونی خۆی روونده‌كاته‌وه، كه حكومه‌ت پابه‌نده به رێككه‌وتنه‌كه، هه‌ر پرسیارێك هه‌بێت، بۆ په‌له‌مانتار و خه‌ڵكی كوردسان روونیده‌كه‌نه‌وه".
مونا قاوەچی روونیكرده‌وه، "دوای دانیشتن له‌گه‌ڵ شاندی دانووستانكاری حكومه‌تی هه‌رێم و زانینی ئه‌نجامه‌كانی له به‌غدا، شاندنی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات، به‌مه‌به‌ستی پشتیوانی بۆ حكومه‌تی هه‌رێم، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئامانجی په‌رله‌مانی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێم، دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و بودجه‌یه بۆ خه‌ڵكی كوردستان.
د.ی