له 2020 دا 15 هه‌زار لاو هه‌رێمیان به‌جێهێشتووه و به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ریش %30 زیادیكردووه
K24 – هه‌ولێر:
له راگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌ی، لیژنه‌ی هه‌ماهه‌نگی رێكخراوه‌كانی لاوان له هه‌رێمی كوردستان، هاتووه: ئه‌مساڵ ره‌وشی "خراپ"ی ئابووری هه‌رێم كاریگه‌ری "زۆر"ی كردووه‌ته سه‌ر لاوان و به‌و هۆیه‌وه (15) هه‌زار لاو كوردستانیان به‌جێهێشتووه و هه‌لی كار "نییه" و به‌كارهێنانی مادده هۆشبه‌ره‌كانیش به رێژه‌ی (%30) زیادیكردووه.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (27ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2020)، له هه‌ولێر لیژنه‌ی هه‌ماهه‌نگی رێكخراوه‌كانی لاوان له هه‌رێمی كوردستان كۆبوویه‌وه.
له دوای كۆبوونه‌وه‌كه، هه‌ر (13) رێكخراوی به‌شداربوو، راگه‌یه‌ندراوێكیان بڵاوكرده‌وه.
وێنه‌یه‌كی ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه بۆ "كوردستان24" نێردراوه و تێیدا هاتووه: "له لایه‌نی ئابوورییه‌وه، هه‌رێمی كوردستان له بارودۆخێكی خراپدایه، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری كردووه‌ته سه‌ر لاوان و ده‌رهاویشته‌ی خراپی لێكه‌وتووه‌ته‌وه".
له باره‌ی ده‌رهاویشته "خراپه‌كان"ه‌وه، ئه‌و (13) رێكخراوه رایانگه‌یاندووه، "كۆچكردنی لاوان ئێستا به شێوه‌یه‌كی خراپ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه، به پێی ئاماره‌كان نزیكه‌ی (15) هه‌زار له لاوانی كوردستان كۆچیان كردووه بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات".
هه‌روه‌ها هاتووه: "نه‌بوونی ده‌رفه‌تی كار، كه ئه‌مه‌ش پێویستی به هه‌مواری یاسا هه‌یه له په‌رله‌مانی كوردستان به جۆرێك كۆمپانیاكانی كه‌رتی تایبه‌ت پابه‌ند بكرێن گرنگی زیاتر به گه‌نج و لاوان بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌لی كاریان بۆ بڕه‌خسێت".
له به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، ئاماژه بۆ په‌ره‌سه‌ندنی حاڵه‌ته‌كانی به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر كراوه و ئه‌و رێكخراوانه رایانگه‌یاندووه، "به‌راورد به ساڵی رابردوو رێژه‌ی به‌كارهێنه‌رانی مادده‌ی هۆشبه‌ر به رێژه‌ی (%30) زیادیكردووه". (له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هیچ ئاماژه‌یه‌ك به سه‌رچاوه‌ی ده‌ستكه‌وتنی ئه‌و زانیارییه نه‌دراوه و پێوه‌ره‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر روون نه‌كراوه‌ته‌وه).
سه‌باره‌ت به "هه‌ستی نیشتمانی" له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه: "به‌داخه‌وه به هۆی بوونی هۆكاری سیاسی و ئابووری، هه‌ستی نیشتمانی لای لاوان به لاوازی سه‌یر ده‌كرێت".
له كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌شدا، ژماره‌یه‌ك داواكاری خراونه‌ته‌ڕوو، له‌وانه، هاتووه: "داوا له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین له‌و خاڵانه‌ی كه له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێی داوه، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی لاوان خێراتر كاری له‌سه‌ر بكات".
هه‌روه‌ها داوایانكردووه، "لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵ بده‌ن كار له‌سه‌ر خاڵه هاوبه‌شه‌كان بكه‌ن و خاڵه جیاوازه‌كان به‌لاوه بنرێت و دۆخ و ژیانی لاوان له پێشینه‌ی كاره‌كانیان بێت.
له كۆتایشدا داوایان كردووه، سه‌رجه‌م كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن رۆڵی به‌رپرسیارانه بگێڕن له ئاراسته‌كردنی كۆمه‌ڵگه به شێوه‌یه‌كی ته‌ندرووست".