هەڵمەتی کوتان دژی کۆرۆنا لە سەرجەم وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا دەستیپێکرد

زیاتر لە نیوەی فەرەنسییەکان ئامادەنین خۆیان بە ڤاکسنی دژی کۆرۆنا بکوتن
مۆریسێتی تەمەن 78 ساڵ یەکەم کەس بوو لە فەرەنسا ڤاکسینەکەی وەرگرت
مۆریسێتی تەمەن 78 ساڵ یەکەم کەس بوو لە فەرەنسا ڤاکسینەکەی وەرگرت

K24 - هەولێر

هەڵمەتێکی فراوان کە چەند مانگێک دەخایەنێت و 450 ملیۆن کەس لە دانیشتووانی ئەوروپا دەگرێتەوە، بۆ کۆتایھێنان بە مۆتەکەی پەتای کۆرۆنا لە سەرجەم وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا دەستیپێکرد، بەڵام کێشەیەک لە فەرەنسا هەیە؛ 56٪ـی دانیشتووانی ئەو وڵاتە، ئامادە نین ڤاکسینی دژی کۆرۆنا وەربگرن.

تائێستا ملیۆنێک و 760 ھەزار کەس لە سەرانسەری جیهان بەهۆی پەتای کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، نزیکەی 80 ملیۆن کەسیش تووشی بوون.

ھەر وڵاتێکی ئەوروپی، ستراتیژیەتی خۆی ھەیە: لە ئیتاڵیا، ستافی تەندروستی لە قۆناغی یەکەمدا ڤاکسینەکە وەردەگرن، لە فەرەنسا بەتەمەنەکان و لە چیک سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە لەپێش ھەموو کەسێکەوە نۆرەی گرتووە.

ئەندرێی بابیز، سەرۆکوەزیرانی چیک دەڵێ "سەرەتای ساڵێکی نوێمان لەپێشە، کە زۆر جیاوازتر دەبێت لە ساڵی 2020. بەدڵنیاییەوە 2020 خراپترین ساڵ بوو. ژمارەیەکی زۆری ئازیزانمان بەھۆی کۆڤید-19ـەوە لەدەستدا. جیا لەوەش کاریگەری زۆر نەرێنی کردە سەر ژیانی ھەموومان. ئێستا کە ڤاکسینەکە گەیشتووە، ھیوایەکمان بۆ گەڕاوەتەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بگەڕێینەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆمان وەک ساڵانی پێشوو".

مۆریسێتی تەمەن 78 ساڵ یەکەم کەس بوو لە فەرەنسا ڤاکسینەکەی وەرگرت. مۆریسێت دەڵێ "زۆر دڵخۆشم وەکو یەکەم کەس لە فەرەنسا ڤاکسینەکەم وەرگرت، شەرەفمەندم و دەستی ھەمووان خۆشبێت".

جیا لە یەکێتی ئەوروپا، بەریتانیا وەکو یەکەم وڵات و پێش سێ ھەفتە، دەستی بە بەکارھێنانی ڤاکسینەکە کردووە.

لە چین، رووسیا، کەنەدا، ئەمەریکا، سویسرا، ئیسرائیل، سربیا، سەنگاپوور، سعودیە و عومانیش دەست بە کەمپەینی کۆتانی خەڵک بە ڤاکسینەکە کراوە.

جگە لە ڤاکسینەکەی فایزەر و بایۆنتێک، کۆمپانیای مۆدێرنای ئەمەریکیش ڤاکسینەکەی پەسەندکراوە و لە ھەفتەی رابردووەوە دەستکراوە بە بەکارھێنانی.

زانکۆی ئۆکسفۆرد و ئاسترازێنکا، کۆمپانیای دروستکردنی دەرمان داواکارییان پێشکەشی حکومەتی بەریتانیا کردووە بۆ ئەوەی ڤاکسینەکەیان پەسەند بکرێت و ئەوانیش بەکاری بھێنن.

هەڵمەتەکانی کوتان لەکاتێکدا دەستیانپێکردووە، نەوەی نوێی ڤایرۆسەکە لە چەند وڵاتێک بڵابووەتەوە. کێشەی سەرەکی وڵاتانی ئەوروپی ئەوەیە: بەگوێرەی تازەترین راپرسی کە لە فەرەنسا کراوە، ھێشتا لەسەدا 56ـی خەڵکی ئەو وڵاتە ئامادەنین ڤاکسینەکە وەربگرن. ئەمەش ھەوڵەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ شکستپێھێنانی ڤایرۆسەکە دەخاتە مەترسیەوە.

هـ.ر.