لەبارەی دەنگۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەك لە دەڤەری راپەڕین روونكردنەوە دەدرێت
K24 – رانیە
ماوەی چەند رۆژێکە باس لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکی پێست لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دەڤەری راپەڕین دەکرێت. بەڕێوبەری گشتی تەندروستی راپەڕین رایگەیاند "هیچ تووشبووێكی نەخۆشی سكابیس (گەڕی) لە سنووری راپەڕین تۆمار نەکراوە".
د. دیار ئیبراهیم، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی راپەڕین بە کوردستان24ی گوت: "دەکرێ جۆرێک هەستیاری و نەخۆشی پێست بێت لە هەندێ له دێهاتەکان بڵاوبووبێتەوە، بەڵام بەدواداچوونی تەواومان بۆ ئەو بابەتە کردووە و هیچ حاڵەتێکی سكابیس (گەڕی) لە نەخۆشخانە و مەڵبەند و بنکە تەندروستییەکانی سنووری راپەڕین تۆمار نەکراوە".
سكابیس كە لەناو كوردەوایدا پێی دەگوترێت (گەڕی) نەخۆشییەكی گواستراوەی تایبەت بەپێستە و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێتەوە. نەخۆشیەکە بەهۆی زیندەوەرێكی بچووک (كرمۆكە) پەیدا دەبێت و تیرەکەی 0،4 ملم دەبێت لە باری درێژیدا بەچاو نابینرێت.
سكابیس نەخۆشییەكی بەربڵاوە لەجیهاندا و ساڵانە نزیكەی 300 ملیۆن حاڵەتی تووشبوون لە هەموو تەمەنەکان تۆمار دەكرێت. ئەو كرمۆكەیە لەسەر پێستی مرۆڤ دەتوانێت بۆ ماوەی مانگێک یان زیاتر لە مانگێك بژیت و دەست بە هەڵكۆڵین بكات لە پێستدا و لەبەشی سەرەوەی پێست هێلكە دادەنێت و دەبێتە هۆی هەستیاری و خورانێكی زۆر.