وەزیری پەروەردە: لە كۆبوونەوەی داھاتوودا بڕیار لەسەر دەوامی قوتابخانەكان دەدرێت

"وەزارەتی تەندروستی ھەڵسەنگاندن بۆ دۆخەكە دەكات"
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان

K24 – ھەولێر

وەزیری پەروەردە ئاشكرای كرد، چاوەڕێی ھەڵسەنگانی وەزارەتی تەندروستین بۆ دۆخەكە لە كۆبوونەوەی داھاتووی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بڕیار لەسەر دەوامی قوتابخانەكان دەدەن.

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە ھەڵەبجە رایگەیاند: "لە كۆبوونەوەی داھاتووی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا، بڕیار لەسەر دەستپێكردنەوەی دەوامی قوتابخانەكان دەدرێت، ھەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی دەبێتە بنەمای بڕیاری كۆبوونەوەكە بۆ دەستپێكردنەوەی دەوام، ئەگەر دۆخەكە لەبار نەبێت ئەوا دەرگای قوتابخانەكان بە داخراوی دەمێننەوە".

گوتیشی: "ئێستا وەزارەتی تەندروستی سەرقاڵی ئامادەكردنی راپۆرت و ھەڵسەنگاندنن بۆ دۆخەكە، ھەركاتێك راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی ئامادەبوو كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا دەكرێت، ئەگەر پێویست بكات بڕیار لەسەر درێژكردنەوەی داخستنی دەرگای قوتابخانەكان دەدەین".

وەزیری پەروەردە راشیگەیاند: "كاتێك لە 1/11/2020 بڕیارماندا دەرگای قوتابخانەكان بە داخراوی بمێنێتەوە، بڕیارەكە كاریگەری ئەرێنی ھەبوو، راستە ئێستا ڤاكسینی دژی كۆرۆنا دۆزراوەتەوە، بەڵام ناكرێت ریسك بە ژیانی مامۆستایان و قوتابیان بكەین و بەبێ ھەڵسەنگاندنی وردی تەندروستی بڕیاری كردنەوەی قوتابخانەكان بدەین".

گوتیشی: "لە دوای كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا ئامادەسازی بۆ پلان و بەرنامەی خۆمان دەكەین، ئەگەر بڕیاردرا دەرگای قوتابخانەكان بۆ ھەموو پۆلەكان یان چەند قۆناغێك بكرێتەوە لە وادەی دیاریكراو دەوام دەست پێدەكاتەوە، ئەگەر بڕیاردرا دەرگای قوتابخانەكان بە داخراوی بمێنێتەوە، ئەوكاتە ساڵنامەی خوێندن لەسەر ئەو بنەمایە بۆ چەند مانگێكی دیكە دادەڕێژینەوە، بەجۆرێك كە بتوانین پرۆسەی خوێندن تەواو بكەین".

ئەمە لەكاتێكدایە بڕیارە لەدوای پشووی سەری ساڵ، ئەگەر دۆخی تەندروستی لەباربێت دەوام لەناو قوتابخانەكان دەست پێبكاتەوە، كە بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە دەوام لە قوتابخانەكان راگیراوە.