ئەو شارەی دەوڵەمەندە بە نەوت و خەڵکەکەی بەهۆی هەژاری و نەبوونی خزمەتگوزاری دەناڵێنن

بە یەکێک لە پارێزگا توڕەکانی عێراق ناسراوە
چەند دیمەنێکی ناسریە لە چاوی کامێرای کوردستان24
چەند دیمەنێکی ناسریە لە چاوی کامێرای کوردستان24

K24 - ناسریە 

تیمێکی کوردستان24 بۆ نیشاندانی دۆخی ناسریە، سەنتەری پارێزگای زیقار سەردانی ئەو شارەی کرد. ناسریە، لە دۆخێکی ناجێگیردایە، لە شەقامەکانی هێزی ئەمنیی زۆر لەترسی خۆپیشاندان بڵاوەیان پێکراوە، داواکاریی سەرەکیی خەڵکی خۆپیشاندەریش، کە زۆربەیان هەژارن، کار و خزمەرگوزارییە.

پارێزگای زیقار، لە باشووری عێراق بە یەکێک لە پارێزگا توڕەکانی عێراق ناسراوە. لە سەنتەری پارێزگا، ماوەی 10 ساڵە بەردەوام خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین بەهۆی خراپیی دۆخەکە، بەردەوامە.

لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ناسرییە، 20 چالاکوان کوژران، هەندێکیشیان تائێستا بێسەروشوێنن.

سەجاد عەباس، هاووڵاتیێکی ئەو شارەیە و بۆ کوردستان24 قسەی کرد. ئەو، دەڵێ "ئێمە تەنها بە مرۆڤ حساب کراوین، ئەگەرنا هیچ مافێکمان پێ نەدراوە. وەرە سەیری حاڵمان بکە، نە خزمەتگوزاری هەیە و نە کار. ئێمە بۆچی وا بژین لە وڵاتێکی دەوڵەمەندی وەکو عێراق؟ خەڵک بیزاربوون، تەنانەت لە خۆپیشاندانیش، چونکە زۆر قوربانییان دا".

بەشێکی زۆری ئەوانەی ناڕازین و لە خۆپیشاندانەكان کۆدەبنەوە، هەرچەندە شیعەن، بەڵام لە دژی دەسەڵاتدارانی شیعە درووشم دەڵێنەوە، هەرزوویش خۆپیشاندانەکان کۆتاییان پێدەهێنرێت.

لیوا عودە سالم عەبوود، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ناسرییە لە بارەی بێسەروشوێنبووەکان بە پەیامنێری کوردستان24 دەڵێ "ئێمە، هەماهەنگیمان زۆرە لەگەڵ لیژنەی خۆپیشاندانەکان، داواکارییەکانیان رەوایە و ئێمە لاریمان نییە، بەڵام ئەو کەسانەی تۆ باست کردن، خۆپیشاندەرن و دەستگیرکراون، ئەگەر هیچ کێشەیەکی یاساییان لەسەر نەبێت، ئێمە ئازادیان دەکەین، ئەوەی یاسا پێشیل بکات، بێگومان لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت".

بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە ناسریە، رۆژانە دەگاتە 100 هەزار بەرمیل، بەڵام بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانان، بەشێكی زۆری خەڵکەکەی، بە رێژەی 44٪ هەژارن، ئەمەش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی توڕەیی خەڵکی ناسریە.

هـ.ر.