شیعەکانی عێراق و لوبنان خۆیان بۆ یادی كوژرانی قاسم سولەیمانی ئامادە دەكەن

حەشدی شەعبی:رێوڕەسمەكانی یادکردنەوە دەرخەری دەنگی گەلی عێراق دەبێت، پێگەی وڵات بەشێوەیەکی باشتر دەردەکەوێت
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

شیعەکانی عێراق و لوبنان سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ یادکردنەوەی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی عێراق، کە لەبەرەبەیانی رۆژی 3/1/2020 بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکاوە، لەسەر رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کوژران.

بۆردوومانەکە بە فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بوو، بۆیە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و واشنتن ئاڵۆزی زیاتری تێکەوت.

موهەنەد عوقابی، وتەبێژی حەشدی شەعبی رایگەیاند: "رێوڕەسمەكانی یادکردنەوە دەرخەری دەنگی گەلی عێراق دەبێت، پێگەی وڵات بەشێوەیەکی باشتر دەردەکەوێت، بە تایبەت کە عێراق رۆڵێکی گەورەی بینی لە تێکشکاندنی تیرۆر، سەرکەوت بەسەر داعش، لە ئاهەنگەکاندا سەرکردە سەربازییەکان ئامادەی دەبن، کە توانیان بەسەر تیرۆری جیهانیدا سەربەکەون".

هاوشێوەی عێراق، شیعەکانی لوبنانیش خۆیان بۆ یادکردنەوەی یەکەمین ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی دەکەنەوە و بەسەرکردەیەکی مەزن ناوی دەبەن و دەڵێن خوێنی بە فیڕۆ ناچێت.

حاجی مەهدی، دانیشتووی بەیروتی پایتەختی لوبنانە ئەو دەڵێ: "قاسم سولەیمانی پیاوێکە لە پیاوە گەورەکان، سەرکردەیەکی مەزنی وا خوێنی بەفیڕۆ ناڕوات".

قاسم سولەیمانی بەر لە کوژرانی ، بەهۆی رۆڵی کاریگەری لە هەریەک لە وڵاتانی عێراق، یەمەن، سووریا و لوبنان، عەلی خامەنیی رێبەری باڵای ئێران، مەدالیای زولفقاری پێبەخشی، کە گەورەترین مەدالیای سەربازییە پێشتر لە ئێران بەهیچ کەسێکی دیکە نەرداوە.