زستانێکی گەرم چاوەڕێ یانە گەورەکانی ئەوروپا دەکات

زستانێکی گەرم چاوەڕێ یانە گەورەکانی ئەوروپا دەکات
زستانێکی گەرم چاوەڕێ یانە گەورەکانی ئەوروپا دەکات

زستانێکی گەرم چاوەڕێ یانە گەورەکانی ئەوروپا دەکات

K24 - هەولێر

لەگەڵ کردنەوەی دەرگای زستانەی گواستنەوەی یاریزانان، چاوەڕێ دەکرێت میرکاتۆیەکی گەرم بێت بە تایبەت بۆ یانە گەورەکانی کیشوەری ئەوروپا و گۆڕانکاری گەورەش بەڕێوە بێت.

 

پاریس سانجێرمان

یانە فەڕەنسیەکە سەرەتا دەیەوێت چارەنوسی پۆستی راهێنەرایەتی یانەکەیان یەکلایی بکاتەوە، شازادەکان بەم دواییە توماس توخێل راهێنەری یانەکەیان بە هۆی ئەنجامە لاوازەکان دوورخستووەتەوە و دەنگۆیەکیش هەیە کە ماوریسیۆ پۆکێتینیۆ ببێتە راهێنەری ئەو یانەیە.

پاڵەوانەکەی وەرزی رابردووی لیگ وەن دوای دیاریی کردنی راهێنەرێک، ئینجا دەیانەوێت ریزەکانیان رێک بخەنەوە و دەنگۆیەکیش هەیە پلانێکیان بۆ گواستنەوەی لیۆنێل میسی گۆڵکاری مێژوویی بارسێلۆنا هەیە.

 

بارسێلۆنا

دوای دەست نیشانکردنی رۆناڵد کومانی هۆڵەندی وەکو راهێنەری یانەکەیان، ئەو راهێنەرە هاوینی رابردوو هەوڵیدا مێمفیس دیپای هاونیشتیمانی لە ریزەکانی لیۆنی فەڕەنسا بگوازێتەوە، بەڵام هەوڵەکان بێ سوود بوون و چاوەڕێ دەکرێت ئەم زستانە هێرشبەرەکە بگوازنەوە.

بەم دواییە دەنگۆی گواستنەوەی ئێرلینگ هالاند، هێرشبەری نەرویجی یانەی بورووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانیا بۆ بلاوگرانا بڵاوبووەتەوە، بەڵام ئەو یانەیە ئەستەمە بە هۆی ئەو قەیرانە داراییەی دروست بووە، لە توانایاندا بێت ئەو یاریزانە بۆ ریزەکانیان بگوازنەوە.

بارسا ئەم وەرزە کێشەی هەرە گەورەی لە هێلی بەرگریە، جێراد پیکێ بە هۆی پێکان ئەم وەرزە ناگەڕێتەوە و کلێمێنت لێنگلێتیش بە هۆی پێکانە زۆرەکانی بەو شێوەیە لە خزمەت یانەکەی نەبووە و دەنگۆیەکیش هەیە ئێریک گارسیا بەرگریکاری مانچێستەر سیتی پەیوەندی بەم یانەیەوە بکات.

 

ریال مەدرید

یانەکەی مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا هاوینی رابردوو سنورێکی دانا و هیچ یاریزانێکیان نەگواستەوە، بۆیە هاندەرانی ئەو یانەیە بەو هیوایەن ئەم زستانە چەند یاریزانێکی نوێ لە یانەکەیان ببین، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت ئەمجارەش مێرنگی دەست لە هیچ شتێک نەدات و زستانێکی سارد بەڕێ بکەن.

شاهانەکان بۆ هاوینی داهاتوو پلانیان داڕشتووە، ئێرلینگ هالاند هێرشبەری نەرویجی یانەی بورووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانیا، کلیان مباپێ هێرشبەری فەڕەنسی یانەی پاریس سانجێرمانی ئەم وڵاتە، دوو ئەو هێرشبەرەن کە ئەو یانەیە پانی بۆ داناون بگوازنەوە.

 

لیڤەرپوول

گەورەترین کێشەی ئەو یانەیە لە هێلی بەرگریدایە، رێدز بە هۆی پێکان ئەم وەرزە لە تواناکانی ڤێرجیل ڤان دایک بێ بەش بووە، بۆیە هەموو ئامانجیان ئەوەیە لەم زستانەدا بەرگریکارێک بگوازنەوە، کۆلیبالی، ئۆبامیکانۆ و سکرینایەر سێ بەربژێرەکەی یۆرگن کلۆپ بەرێوەبەری هونەری ئەو یانەیەن.

محەمەد سەڵاح هێرشبەری میسڕی یانە ئینگلیزیەکە، بازاری گەرم بووە، ئەو یاریزانە تاوەکو ئێستا گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی نوێ نەکردووەتەوە، بۆیە دەنگۆیەک هەیە ئەم زستانە دوایین وەرزی لەگەڵ یانەکەی بێت.

 

یۆڤێنتۆس

خانمە پیرەکە تەنها کێشەی چوونی پاولۆ دیبالایە، ئەو یاریزانە ئارجێنتیناییە بە بیانۆی جیابونەوە لە یانەکەی، داوای موچەیەکی خەیاڵی دەکات، بۆیە ئەگەر بێتو ئەو یاریزانە رازی بێت لە یانەکەی بمێنێتەوە، ئەو کات یوڤی ئەستەمە هیچ یاریزانێکی نوێ بۆ ریزەکانی بگوازێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە ئالڤارۆ مۆراتا کە بە شێوەی خواستن لە ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە گواستراوەتەوە بۆ یۆڤێنتۆس، لەوانەیە هاوینی داهاتوو بگەرێتەوە یانەکەی، چونکە دیێگۆ کۆستا یەکێک لە هێرشبەرەکانی رۆخێ بلانکۆس گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو یانەیە هەڵوەشاندووەتەوە.

 

بایرن میونشن

پاڵەوانەکەی وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگ، لە ئێستاوە بیر لە گواستنەوەی بەرگریکارێک بۆ شوێنی داڤید ئالابای نەمسایی دەکەنەوە، چونکە ئەو یاریزانە گرێبەستەکەی نوێ نەکردەوە و وەرزی داهاتوو لە یانەیە دەروات.

باڤارییەکان دەنگۆیەک هەبوو کە ململانێ لەسەر گواستنەوەی کلیان مباپێ هێرشبەری فەڕەنسی بکەن، بەڵام دواجار لەو ململانێیە بە دوور کەوتن.

 

مانچێستەر سیتی

یانە ئینگلیزیەکە ترسی لە داهاتوو سێرخیۆ ئەگوێرۆ گۆڵکاری مێژوویی یانەکەیان هەیە، ئەو یاریزانە بە هۆی پێکانەکەی زۆربەی هەرە زۆری یارییەکانی لەدەستداوە، بۆیە یانەکەی تاوەکو ئێستا ئامادەنەبووە گرێبەستەکەی کە هاوینی داهاتوو کۆتایی دێت نوێ بکاتەوە.

بەم دواییە لە بەریتانیا دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە کە ستیزن لە پێناو گواستنەوەی هاری کەین گۆڵکاری یانەی تۆتێنهام، ئامادەیە هاوینی داهاتوو 100 ملیۆن پاوەند خەرج بکات، بۆیە هاندەرانی ئەو یانەیە لە ئێستاوە پەلەیانە بۆ ئەوەی بزانن هاوینی داهاتوو چ شتێک روو دەدات.