یەکێتیی پیاوان: سکاڵا، کوشتن و خۆکوشتنی پیاوان لە 2020 زیادیان کردووە

"هەشت پیاو کوژراون"
كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی یه‌كێتی پیاوانی كوردستان
كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی یه‌كێتی پیاوانی كوردستان

K24 - هەولێر

تەنیا پیاوان نین تووندوتیژی بەرامبەر ژنان بکەن، بەڵکو لە ساڵی رابردوودا لەکاتێکدا جیهان گیرۆدەی پەتای کۆرۆنا بوو، لە کوردستان، ساکاڵا، کوشتن و خۆکوشتنی پیاوان زیادیان کردووە، ژمارەیەک پیاو بەهۆی فشاری دەروونی و سێکسی یان زەوتکردنی مووچەکانیان سکاڵایان لەلایەن یەکێتیی پیاوانی کوردستانەوە تۆمارکردووە.

بەپێی بەدواداچوون و تۆمارکردنی کەیسەکان لە رێکخراوی یەکێتیی پیاوانی کوردستان، ئەمڕۆ (شەممە، 2-1-2021) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، یەکێتییەکە رایگەیاند حاڵەتەکانی تووندوتیژی دژی پیاوان لە 2020 زیادیان کردووە.

رێکخراوی یەکێتیی پیاوان ئاماری سکاڵا، خۆکوشتن و کوشتنی پیاوان لەماوەی ساڵانی 2014 بۆ 2020 بڵاوکردەوە، کە دەرکەوتووە سکاڵای پیاوان، حاڵەتەکانی خۆکوشتن و تەنانەت کوشتنی پیاوانیش لەلایەن ژنانەوە بە هاوکاریی کەسانی دیکە لە ساڵی 2020 بەراورد بە  2019 زیادیان کردووە.

بورهان عەلی فەرەج، سکرتێری یەکێتیی پیاوان ئەمڕۆ لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا لە سلێمانی ئاماری جۆرەکانی تووندوتیژیی دژی پیاوانی لە ماوەی یەک ساڵی رابردوو ئاشکرا کرد.

بەپێی یەکێتیی پیاوان: هەشت پیاو لەلایەن ژنانەوە بە هاوکاریی کەسانی دیکە کوژراون لە ساڵی 2020. 37 پیاوی بەتەمەن دەرکراون، 52 پیاو بەهۆی خیانەتی هاوسەرگیرییەوە سکاڵایان تۆمارکردووە.

بورهان فەرەج ئاشکراشی کرد: 11 پیاو بەهۆی تووندوتیژیی جەستەیی، 197 پیاویش بەهۆی دەستوەردانی کەسوکاری هاوسەرەکانیان لە ساڵی 2020 لە یەکێتییەکەیان سکاڵایان کردووە. ئەمانەش جگە لە بوونی 20 حاڵەتی فشاری دەروونی و سێکسی، هەروەها 9 پیاویش مووچەیان لەلایەن ژنەکانیانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.

زۆرترین تووندوتیژیش لەدژی پیاوان لە ساڵی 2020، دەستبەسەراگرتنی منداڵ یان بێبەشکردنی باوک بووە لە بینینی منداڵەکەی، ئەمەش بەپێی یەکێتیی پیاوان 227 حاڵەت بووە.

 

ئامارەکانی جۆرەکانی توندوتیژیی دژی پیاوان لە 2020
ئامارەکانی جۆرەکانی توندوتیژیی دژی پیاوان لە 2020
ئاماری تۆمارکراو لە یەکێتیی پیاوان
ئاماری تۆمارکراو لە یەکێتیی پیاوان

هـ.ر.