11 سیناتۆری کۆماری رەتیدەکەنەوە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا پەسەند بکەن

راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە
سیناتۆر تێد کرۆز و مایک برۆون لە واشنتن، وێنە: Drew Angerer/Getty Images
سیناتۆر تێد کرۆز و مایک برۆون لە واشنتن، وێنە: Drew Angerer/Getty Images

K24 - هەولێر

11 سیناتۆری کۆماری رەتیدەکەنەوە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا پەسەند بکەن، ئەمەش بە یەکێک لە دوایین هەوڵی کۆمارییەکان دادەنرێت، بۆ رێگریکردن لە جۆو بایدن لەوەی ببێتە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. 

لە راگەیاندراوێکی هاوبەشدا 11 سیناتۆری کۆماری بە سەرۆکایەتی تێد کرۆز، دوێنێ داوایان کرد لێکۆڵینەوەی ورد لە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 3ـی نۆڤەمبەری 2020ـی ئەمەریکا بکرێت، چونکە گومانیان هەیە ساختەکاری کرابێت و رێوشوێنی نایاسایی لەبەرژەوەندیی جۆو بایدن، گیرابێتنەبەر.

کەمپەینی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ، کە لەم هەڵبژاردنە شکستی هێنا، لە چەندین شوێن و ویلایەت سکاڵایان لەدژی ئەنجامی هەڵبژاردن تۆمارکردووە، بەبێ نیشاندانی بەڵگە. وەزارەتی دادی ئەمەریکاش رایگەیاندبوو، هیچ بەڵگەیەکی نەدۆزیوەتەوە نیشانی بدات ساختەکاریی گەورە لە هەڵبژاردنەکەدا کرابن.

ئەو سیناتۆرانە دەڵێن، ناڕازیبووونیان دەردەبڕن لە هەڵبژێردراوانی ویلایەتە خۆڵەمێشییەکان، ئەگەر کۆنگرێس کۆمیسیۆنێک دانەمەزرێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لە هەڵبژاردنی ئەو ویلایەتانە، کۆمیسیۆنەکە ماوەی 10 رۆژی دەبێت پێداچوونەوەیەکی تەواو بکات.

ئەو هەوڵەی کۆمارییەکان، لەگەڵ چەندین هەوڵی دیکەیان بۆ رێگریکردنە لەوەی ترەمپ بدۆڕێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێناچێت هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئەنجوومەنی هەڵبژاردنی ئەمەریکا هەبێت، کە لەو هەڵبژاردنەدا بایدن بە 306 بەرامبەر 232ـی ترەمپ براوە بوو.

بڕیارە رۆژی چوارشەممە، کۆنگرێسی ئەمەریکا دەنگ بە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بدات. کۆنگرێس پێکدێت لە ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەران. کۆمارییەکان زۆرینەی ئەنجوومەنی پیران پێکدەهێنن، دیموکراتەکانیش زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆیە زەحمەتە ئەو 11 سیناتۆرە چانسێکیان هەبێت بۆ رێگەگرتن لە داننان بە سەرکەوتنی بایدن.

هـ.ر.