ئەنجوومەنی باڵای فەتوا: بەرزکردنەوەی نرخی کاڵا و زیانگەیاندن بە ئابووریی هاووڵاتییان، حەرامە

ھەرێمی کوردستان بە دۆخێکی دارایی قورسدا تێدەپەرێت و ھاووڵاتییان چاویان لەوەیە فرۆشیاران کارێک بکەن نرخی کاڵاکانیان زۆر لەسەر گران نەکرێت
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

دابەزینی بەھای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکی، نرخی کاڵا و پێداویستییەکانی رۆژانەی ھاووڵاتییانی بەرزکردووەتەوە، چونکە ئەو کاڵایانەی بۆ ھەرێمی کوردستان ھاوردە دەکرێن، مامەڵەکانیان بە دۆلارە، بەڵام ئایا ئایینی ئیسلام چۆن لەم بابەتە دەڕوانێت؟

بارزان عەلی، فرۆشیاری خۆراک و پێداویستیی رۆژانەیە لە سلێمانی، پێیوایە گرانبوونی ھەندێک کاڵا لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە، بەڵام پێی باشە، فرۆشیارانی ھاوشێوەی ئەو، ھاوکاری خەڵک بکەن و گرانفرۆشی نەکەن، بەتایبەت لەگەڵ ئەو کەسانەی مامەڵەیان بە دینارە، دەشڵێت ئەم بڕیارە وایکردووە فرۆشیان بۆ نیوە دابەزێت.

بارزان عەلی، باس لەوە دەکات "ئەو کەرەستانەی لە دەرەوە هاوردە دەکرێن، هەمووی بە دۆلارە و بە دۆلاریش دەفرۆشرێت، دۆلارەکە بەو کاتە حیسابدەکرێت، کە بەهای لە بازاڕدا چەندە. هەندێک جار کەرەستەکان بە قەرز دەهێنرێن، بۆ نموونە ئێمە لە بەغداوە بە قەرز کەرەستەمان بۆ دێت و ئەوەی لە مەخزەنەکانماندا هەیە، هەمووی بە قەرزە".

لەسەر ئەم دۆخە، ئەنجوومەنی باڵای فەتوای ھەرێمی كوردستان بەیاننامەیەکی دەرکردووە، ئەندامێکی ئەو ئەنجوومەنەش دەڵێ، بەگوێرەی بنەماكانی ئایینی ئیسلام، ھەرکەسێک کاڵایەکی فرۆشت و قازانجێکی کەمی لێ دەستکەوت، پاداشت چاوەڕێی دەکات.

د. عیرفان رەشید، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای ھەرێمی کوردستان دەڵێ "ئایینی پیرۆزی ئیسلام، هەمووکات جەختی کردووەتەوە لەوەی پێویستە ئێمە ئاسانکاری بۆ خەڵک بکەین، بەتایبەتی لەم بارودۆخەدا. هەرکەسێک نرخی کاڵاکانی بەرزبکاتەوە بەجۆرێک زەرەر لە باری ئابووریی هاووڵاتییان بدات، حەرامە و رێگەپێدراو نییە. لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا، کڕین و فرۆشتنمان هەیە بەمەبەستی قازانجکردن، بەڵام ئەو قازانجە (دەبێت) لە چوارچێوەیەکدا بێت، زەرەر بە هاووڵاتییان نەگەیەنێت لە هەرشوێنێک بن. بۆیە داوا لە هەموو فرۆشیارە بەڕێزەکان دەکەین، رەچاوی بارودۆخی هاووڵاتیان بکەن".  

ھەرێمی کوردستان بە دۆخێکی دارایی قورسدا تێدەپەرێت و ھاووڵاتییان چاویان لەوەیە فرۆشیاران کارێک بکەن نرخی کاڵاکانیان زۆر لەسەر گران نەکرێت، چونکە بڕیاری دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار، کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراق بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە دراوە، زەرەرمەندی یەکەم لێی ھاووڵاتییانن، فرۆشیارانیش دەڵێن گرانبوونی نرخەكان، لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە.

 

هـ.ر.