ئەمەریکا رێگەدەدات بەغدا سێ مانگی دیکەش وزە لە تاران بکڕێت 

تاران لەمدواییەدا داوای شەش ملیار دۆلاری لە بەغدا کردووە
ئاڵای ئێران و عێراق
ئاڵای ئێران و عێراق

K24 - هەولێر

ئەمەریکا بڕیاریداوە ماوەی سێ مانگی دیکە، رێگە بە عێراق بدات، وزە و کارەبا لە ئێران بکڕێت.

ئەم بڕیارەی ئەمەریکا، مایەی خۆشحاڵیی عێراقە، کە گاز و کارەبا لە ئێران دەکڕێت بۆ دابینکردنی سێیەکی وزەی پێویست بۆ سێکتەرەکانی.

لە کۆتاییەکانی 2018، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کەرتی وزەی ئێرانی خستە لیستی رەشەوە، بەڵام لەوکاتەوە چەندین جار بۆ ماوەی کاتی رێگەی بە بەغدا داوە وزە لە ئێرانی دراوسێی بکڕێت، لەگەڵ ئەوەشدا هیواخوازە عێراق لەڕێگەی هاوبەشی لەگەڵ ئەمەریکا، پشت بەخۆی ببەستێت بۆ دابینکردنی وزەی پێویست.

ئەو درێژکردنەوەی رێگەپێدانە تاوەکو دوای ئەوکاتەیە، کە جۆو بایدن، وەکو سەرۆکی نوێی ئەمەریکا دەستبەکاردەبێت لە 20-1-2021 و ئەوکاتەش دۆناڵد ترەمپ، کۆشکی سپیی جێهێشتووە.

ئەو بەرپرسە عێراقییەی بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوی، دوێنێ (دووشەممە، 4-1-2021) قسەی بۆ ئاژانی فرانس پرێس کردووە، باسی لەوەش کردووە: دوای گفتوگۆیەکی زۆر، ئەمەریکا ماوەی رێگەپێدانەکەی درێژکردەوە. 

ئەو بڕە وزەیەی ئێران بە عێراقی دەفرۆشێت، بەس نییە بۆ دابینکردنی وزەی تەواو و بەردەوام بۆ عێراق.

تاران لەمدواییەدا داوای شەش ملیار دۆلاری لە بەغدا کردووە، هەقی ئەو گازەی پێی فرۆشتووە و بەغدا پارەکەی نەداوە، بەو هۆیەوەش هەناردەی وزەی بۆ عێراق کەمکردووەتەوە.

لەکاتێکدا رێگەپێدانەکان و درێژکردنەوەی ماوەی رێگەپێدانەکانی ئەمەریکا بە عێراق، بۆ ئەوەیە عێراق بەبێ ترس وزە لە ئێران بکڕێت، ئەمەریکا رێگەنادات عێراق بە دۆلار پارەکە بدات، چونکە ئێران زۆر پێویستی بە دۆلارە، کە بەهۆی سزاکانی ئەمەریکا لەسەری، دەستیناکەوێت.