پێنس: دەسەڵاتی رەتكردنەوەی سهركهوتنی بایدنم نییه
K24 – ھەولێر:
مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ ئەمڕۆ چوارشەممە لە گوتارێكیدا رایگەیاند، ناتوانێت بڵێت "دەسەڵاتی یەكلایەنەی" ھەیە بۆ رەتكردنەوەی ئەو دەنگانەی ھەڵبژاردن، كە كاندیدی دیموكراتەكان جۆ بایدن دەكاتە سەرۆكی وڵات.
مایك پێنس بە ئەندامانی كۆنگرێسی گوت: ئەو ھاوبەشە لەگەڵ مەترسییەكانی زۆرێك لە ئەمەریكییەكان لە بارەی پاكی ھەڵبژاردنەكان.
نوێنەرانی كۆمارییەكان تانەیان دا لە ئەنجامەكانی دەنگدان لە كۆمەڵگهی ھەڵبژاردنی ویلایەتی ئەریزۆنا و دەستیان بە مشتومڕێكی دوو كاتژمێری كرد بۆ باسكردنی بابەتەكە.
كۆمەڵێك لە كۆمارییەكانی ھاوپەیمانی سەرۆكی ئەمەریكا لە كۆنگرێسدا، بڕیاریاندا ئەمڕۆ دوا ھەوڵیان بدەن بۆ رەتكردنەوەی دۆڕانەكەی لە ھەڵبژاردنەكاندا لە بەرامبەر جۆ بایدن، ئەمە لە كاتێكدایە، ھەر ئەمڕۆ پارتی كۆماری خۆی ئامادە دەكات بۆ لە دەستدانی زۆرینەیان لە ئەنجوومەنی پیراندا.
ئەنجوومەنی پیران، كە كۆمارییەكان بەسەریدا زاڵن و ئەنجوومەنی نوێنەران، كە دیموكراتەكان بەسەریدا زاڵن ئەمڕۆ ھەردووكیان كۆبوونەتەوە بۆ پەسندكردنی سەركەوتنی بایدن بەشێوەیەكی فەرمی لە ھەڵبژاردنەكانی 3ی تشرینی دووەم، كە لەوانەیە رێكارەكانی تا نیوی شەو بكێشێت.
بایدن لە ھەڵبژاردنەكاندا بە زۆرینەی 306 دەنگ بەرامبەر بە 232 لە كۆمەڵگای ھەڵبژاردنی ھەر یەك لە ویلایەتەكان بە تەنیا و بە پەرێزێكی زیاتر لە حەوت ملیۆن كارتی دەنگدان لە ھەڵبژاردنێكی میللیدا لە سەر ئاستی وڵات، بەڵام سەرۆك كۆمار ھێشتا ھەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەكە بە پوچەڵ ناودەبات و دەڵێت ساختەكاری بەشێوەیەكی بەرفراوان كراوە و خۆی براوەیە.