ئەنجوومەنی باڵای ئابووری کۆدەبێتەوە بۆ پەسەندکردنی رەشنووسی یەکەمی بودجەی هەرێم

له‌ماوەی حه‌وت ساڵی رابردوودا هیچ پڕۆژه‌یاسایه‌كی بودجه‌ ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان نه‌كراوه‌
كۆبوونه‌وه‌ی 7ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2021ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، به‌ سه‌رپه‌رشتی مه‌سرور بارزانی
كۆبوونه‌وه‌ی 7ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2021ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، به‌ سه‌رپه‌رشتی مه‌سرور بارزانی

K24 - هەولێر

ئەنجوومەنی وەزیران ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی هەفتانەیدا خشتەیەکی زەمەنیی پەسەندکرد بۆ ئامادەکردنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021، بۆ ئەم مەبەستەش ھەفتەی داھاتوو، ئەنجوومەنی باڵای ئابووری کۆدەبێتەوە بۆ پەسەندکردنی رەشنووسی یەکەمی بودجە.

لە راگەیەندراوی حکومەت سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، کە بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا، هاتووە "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئاماژەی بەوەدا پێویستە لە چوارچێوەی کارنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەم، هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ رێکخستنەوە و زیادکردنی داهاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان". 

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بووە بە خستنەڕووی، هێڵە گشتییەکانی رەشنووسی یەکەمی پڕۆژەی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی2021 و، پێشبینی و پێشنیارەکانی وەزارەتەکان، سەبارەت بە رێکخستنەوەی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و سنووردارکردنی کورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی 2021.

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، لە کۆبوونەوەکەدا راپۆرتێکی دەربارەی دۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان و ئامادەکارییەکانی رەشنووسی پرۆژەبودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 خستووەتەڕوو. 

دواتر دارا رەشید، وەزیری پلاندانان، راپۆرتی وەزارەتەکەی پێشکەش کرد دەربارەی بودجەی وەبەرھێنان بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، لە چوارچێوەی پڕۆژەبودجەی ھەرێم بۆ ساڵی 2021.

بەپێی راگەیەندراوەکە "دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران خشتەیەکی زەمەنیی پەسەندکرد بۆ ئامادەکردنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021، بۆ ئەم مەبەستەش ھەفتەی داھاتوو، ئەنجوومەنی باڵای ئابووری کۆدەبێتەوە بۆ پەسەندکردنی رەشنووسی یەکەمی بودجە".

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "ئاماژەی بەوەدا پێویستە لە چوارچێوەی کارنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەم، هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ رێکخستنەوە و زیادکردنی داهاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان". 

كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری داوه‌ پڕۆژه‌بودجه‌ی ئه‌مساڵ گه‌ڵاڵه‌ و ئاماده‌ی بكات و ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستانی بكات بۆ تاوتوێكردنی. ئه‌م بڕیاره‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م لەکاتێکدایە له‌ماوەی حه‌وت ساڵی رابردوودا هیچ پڕۆژه‌یاسایه‌كی بودجه‌ ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان نه‌كراوه‌ و له‌ (2014)ه‌وه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جاره‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ ئاماده‌بكرێت.

 

هـ.ر.