هاوپه‌یمانان هاوكاری زیاتری پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن

ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی: 12 لیوای پێشمەرگە پڕچەك دەكەین
ھاریكارییەكانی ھاوپەیمانان بپ پێشمەرگەی كوردستان
ھاریكارییەكانی ھاوپەیمانان بپ پێشمەرگەی كوردستان

K24 – ھەولێر:

کاروانێکی دیکەی هاوکاری هاوپەیمانان گەيشتە دەست هێزەکانی پێشمەرگە، كه پێکهاتووه‌ لە ئۆتۆمبێلی جۆری ھه‌مەر و ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی سەربازی و چەند كه‌لوپه‌لێكی دیکەی سەربازی. بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگەش ئاشکرای دەکات لیستێکیان داوەتە هاوپەیمانان تەواوی ئەو پێداویستیانەی تێدایە، کە پێشمەرگە پێویستیه‌تی.

فه‌رمانده‌ی سه‌نته‌ری هاوبه‌شی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیش له‌ هه‌ولێر له‌ لێدوانێکی تایبه‌تدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە هاوکارییکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و چەک و پێداويستی سەربازی زیاتريش بۆ پێشمەرگە دەنێرن.

کاروانی هاوکاری هاوپەیمانان گەيشتە فڕۆکەخانەی نێوده‌وڵه‌تى هەولێر، ئەم كاروانه لە چوارچێوەی هاوکاری هاوپەیمانانە بۆ رووبەڕوبوونەوەی داعش تا ئەو کاتەی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە بنبڕ دەکرێت.

هاوکاریەکە بريتين له‌98 ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی و 50 مێکزه‌مینی سه‌ربازی و ژماره‌یه‌ک له‌ ئۆتومبێلی هامه‌ر و چه‌ندین ئۆتۆمبێلی ئامبوڵانس و چەند پيداويستى دیکە.

کۆڵۆنێل ده‌یڤد ولیه‌مس، فەرماندەی فه‌رمانده‌يی سه‌نته‌ری هاوبه‌شی هاوپه‌یمانانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ هه‌ولێر گوتی: "هاوکاریەکانمان بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبن و کەرەستە و چەک و جلوبەرگی سەربازی زیاتر بۆ پێشمەرگە دەنێرین".

گوتیشی: "هێشتا داعش لە ناو نەچووە؛ بۆيه ئامانجمان لە ناردنی ئەم هاوکاریانە بۆ لەناوبردنى تەواوى داعشه".

روونیشیكردەوە، "هاوکارییه‌کانی ئه‌م جاره‌مان بایی 12  ملیۆن دۆلار و نیوە، ئۆتومبێل و پێداویستی فریاگوزاری سه‌ربازییه‌ بۆ هێزه‌کانی پێشمه‌رگه،‌ که‌ خۆی له‌ 98 ئۆتومبێلی سه‌ربازی و 50 مێکزه‌مینی سه‌ربازی و هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ک له‌ ئۆتۆمبێلی هامه‌ر و چه‌ندین ئۆتۆمبێلی ئامبوڵانسن. ‌تا ئێستا له‌چوارچێوه‌ی هاوکارییه‌کانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌دژی داعش بایی 400 ملیۆن دۆلار که‌لوپه‌لی سه‌ربازیمان پێشکه‌ش به‌ هێزه‌کانی عێراق و هێزی پێشمه‌رگه‌ کردووه،‌ که‌ 375 ملیۆنی بۆ هێزه‌کانی عێراق دابینکراوه‌ و25  ملیۆنه‌که‌ی دیکه‌ش دراوه‌ به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌. له‌ ماوه‌ی 10 بۆ 18 مانگی ئاینده‌ش ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ دابینکردنی پێداویستییه‌ سه‌ربازییه‌کان بۆ 12 لیوای سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان. بێجگه‌ له‌وه‌ش ئێمه‌ چه‌ک وته‌قه‌مه‌نیش بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ دابین ده‌که‌ین".

سەبارەت بە مەترسی داعش گوتی: "به‌ڵێ داعش له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ ماون و ئامانجیش له‌م هاوکارییکردنه‌ ئه‌وه‌یه،‌ به‌ ته‌واوه‌تی ره‌گی داعش له‌م ناوچه‌یه‌ له‌ناوبه‌رین".

شێرزاد ئەسعەد، سەرۆکی لیژنەی وەرگرتنی هاوکارییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: لیستێکمان داوەتە هاوپەیمانان ئەوانیش بەڵنیان داوە ئەو هاوکاریانەی داوامان کردووە بۆمان بنێرن.

ناردنی ئەو هاوکاریانە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبێـت، مانگانەش بەم شێوەیە هاوکاریەکان دەگاتە دەست هێزەکانی پێشمەرگە. لە چەند رۆژی داهاتووشدا ژمارەیەکی دیکەش دەگاتە هەولێر، هاوکارییەکان رادەستی وەزارەتی پێشمەرگە کران و دواتر دابەشی سەر لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە دەکرێت، كه رۆڵێكى فراونتری دەبێـت لە بنبڕکردنی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش.