كه‌ركووك له‌به‌رده‌م مه‌ترسییه‌كی دیكه ‌دایه‌

به‌های كورسییه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان له‌ ناوچه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ جیاوازه‌
هه‌ڵبژاردن له‌م دۆخه‌دا له‌ كه‌ركووك بۆ كورد مه‌ترسییه‌
هه‌ڵبژاردن له‌م دۆخه‌دا له‌ كه‌ركووك بۆ كورد مه‌ترسییه‌

K24- هه‌ولێر:

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکووك - گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، بەم دۆخەی ئێستا هەڵبژاردن لە کەرکووك پر مەترسیە و جگە لە دۆخە ئەمنیەکە، بازنەکانی هەڵبژاردن بە نایەکسانی دابەشکراون و کورد چەند کورسییه‌ك لەو ناوچانە لەدەست دەدات. ئەندامێکی لیژنەی ناوچە کوردستانیەکانیش دەڵیت: دەبێت بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی هەڵبژاردن 3 رێگە بگیرێتە بەر.

له‌كاتێكدا کەرکووك بۆ 13 كورسی به‌سه‌ر 3 بازنه‌ی هه‌ڵبژاردندا دابه‌ش كراوه‌، حەویجە و دەورو بەری بە تەنها کراوەتە بازنەیەکی هەڵبژاردن بۆ 3 کورسی، دوو بازنەکەی دیکەش بۆ 10 کورسی، کە یەکیان بۆ کۆتای پێکهاتەی مەسیحیەکانە، دەمێنێتەوە 9 کورسی، دابەشکردنی ئەم بازنانە یەکێکە لە مەترسیەکان بۆ ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پارێزگای کەرکووك، بەگوێرەی ئەو بازنەیە عەرەبەکان 3 کورسی حەویجەیان مسۆگەرە، ئەوەی دەمێنێتەوە 9 کورسی بۆ 2 بازنەی هەڵبژاردنە بۆ کورد، عەرەب و تورکمان گرەو لەسەر بردنەوەی زۆرترین کورسی دەکەن.

له‌وباره‌یه‌وه‌ عەدنان کەرکووکی، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکووك - گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: بازنه‌ی 3 كه‌ حه‌وێجه‌یه‌ و مافی ته‌نها 2 كورسی هه‌یه‌ و تایبه‌ته‌ به‌ عه‌ره‌به‌كان، ئێستا كراوه‌ته‌ 3 كورسی، له‌لاه‌یكی دیكه‌شه‌وه‌ نرخی كورسییه‌كان له‌ بازنه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ بازنه‌یه‌كی دیكه‌ جیاوازی هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ له‌ بازنه‌ی حه‌ویجی 61 هه‌زار ده‌نگ كورسیێكه‌، به‌ڵام له‌ بازنه‌كانی دیكه‌ بۆ هه‌ر كوسییه‌ك به‌ 84 هه‌زار ده‌نگ و له‌ هه‌ندێك بازنه‌ی دیكه‌ش به‌ 87 هه‌زار ده‌نگ مه‌زه‌نده‌ كراوه‌.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌مشێوه‌یه‌ی ئێستا هه‌ر حزبێكی كوردی كاندیدێكی هه‌بێت، ئه‌وا ده‌نگه‌كان په‌رش و بڵاو ده‌بن، بۆیه‌ پێویسته‌ بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی كوردانه‌ بیر بكه‌نه‌وه‌.

به‌گوێره‌ی ئاماژه‌كان، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ لە کەرکووك بۆ کورد زۆر مەتریسدارە، چونكە جگە لە یاسای هەڵبژاردن، تا ئێستا دۆخی کەرکووك ئاسای نەبووەتەوە، كه‌ دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆکتۆبەر کورد ئاوارە بووە و عەرەبی هاوردەش گەڕێندراونەتەوە ناوچە كوردنشینەكان. له‌و باره‌یه‌وه‌ محیه‌دین حه‌سه‌ن، ئه‌ندامی لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم له‌ په‌رله‌مانی كوردستان جه‌ختی كرده‌وه‌، کورد 3 رێگەی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی له‌به‌رده‌مه‌، یه‌كه‌م: پێویسته‌ لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر كاندیدێك رێكبكه‌ون كه‌ لای هه‌م حزبه‌كان و هه‌میش ده‌نگده‌رانی كورده‌وه‌ په‌سه‌ندكراو بێت. دووه‌م: پێویسته‌ هه‌وڵ بدرێت ده‌نگده‌ری كورد هان بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له‌ بنكه‌كانی بایۆمه‌تری تۆمار بكه‌ن، تاوه‌كو بتوانن له‌ رۆژی هه‌ڵبژاردن به‌شداری له‌ پرۆسه‌ی ده‌نگداندا بكه‌ن. رێگه‌ی سێیه‌میش ئه‌وه‌یه‌: كه‌ ده‌بێت رێگایه‌ك بدۆزرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سندوقی ده‌نگدان بۆ ئه‌و ئاوارانه‌ دابندرێن، كه‌ له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانه‌وه‌ ئاواری هه‌رێمی كوردستان بوونه‌.

بڕیارە مانگی حوزه‌ریانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پەرلەمانی عێراق ئەنجامبدرێت، رێکارەکان بۆ ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنە دەستیانپێکردووە، بۆ ناوچەکوردستانیەکانیش هۆشداری دەدرێت، کورد بەم دۆخەوە بچێتە نێو هەڵبژاردن، ژمارەیەكی زۆری کورسیییه‌كانی لە کەرکووك لەدەست دەدات و داوا دەکرێت، لایەنە سیاسیەکان یەكهەڵوێست بن، بۆ ئەوەی زیانەکانی ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە لە کەرکووك کەم بکرێنەوە.

H.B