له سۆران (250) خێزانی ئاواره‌ی عه‌ره‌ب و كریستیان و ئێزدی نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه ناوچه‌كانیان
K24 - هه‌ولێر:
له‌گه‌ڵ هاتنی داعش و داگیركردنی به‌شێكی زۆری خاكی عێراق، زیاتر له (5) هه‌زار خێزان ئاواره‌ی ده‌ڤه‌ری سۆران بوون و له‌وێ نیشته‌جێكران، دوای ئازادكردنی ناوچه‌كان، ژماره‌یه‌كیی زۆری ئاواره‌كان گه‌ڕانه‌وه شوێنی خۆیان، به‌ڵام تا ئێستا زیاتر له (250) خێزانی ئاواره‌ی عه‌ره‌ب و كریستیان و ئێزیدی له‌و ده‌ڤه‌ره ماونه‌ته‌وه، نه‌بوونی ئارامی و خزمەتگوزاری لە ناوچەكانیان وایكردووه ئاماده‌ی گه‌ڕانه‌وە نەبن، رایانگه‌یاند، لە كوردستان ھەست بە ئارامی دەكەین و لێرە بووینەتە خاوەن كار.
كاری رۆژانه‌ی مریشك فرۆشییه، ماوه‌ی (6) ساڵه له زێدی خۆی ئاواره بووه و له سۆران نیشته‌جێیه، "عامر" خیزانداره و خه‌ڵكی فه‌لوجه‌یه، ئه‌و به‌نیاز نییه بگه‌ڕێته‌وه زێدی خۆی، باشی مامه‌ڵه‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌كه و ده‌ستكه‌وتنی كار و له‌ده‌ستدانی هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له زێدی خۆی، هۆكاری سه‌ره‌كی مانه‌وه‌ی "عامر"ه له سۆران، لێره ته‌واو هه‌ست ده‌كات ئاسایشی پارێزراوه.
عامر محه‌مه‌د، ئاواره‌ی عه‌ره‌ب، گوتی: "لە گەڕەكەكەمان دووكانێكی مریشك فرۆشتنمان داناوە، مامەڵەی خەڵك لێرە زۆر باشە، ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ فەلوجە، چونكه لەوێ كار نییە، دۆخەكە ئارام نییە و حكومەتی عێراق ھیچ ھاوكارییەكمان ناكات.
به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی كۆچ و كۆچبه‌رانی سۆران، ژماره‌ی ئه‌و خێزانه ئاوارانه‌ی له ده‌ڤه‌ره‌كه ماونه‌ته‌وه و ئاماده‌ی گه‌ڕانه‌وه نین، بۆ كوردستان24 ئاشكرا كرد و گله‌یش له حكومه‌تی عێراق و رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كرد، كه ماوه‌ی چوار ساڵه هاوكاری ئاواره‌كانیان راگرتووه.
عه‌باس ئه‌میر، به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی كۆچ و كۆچبه‌رانی سۆران گوتی: "زیاتر له (250) خێزانی ئاواره له سنووره‌كه‌مان هه‌یه، كه ئێزدی و كوردی شه‌به‌ك و كریستیان و عه‌ره‌بن، له هاوكارییه‌كان بێبه‌ش كراون، هه‌رچه‌نده مافی ژیانیان له‌سه‌ر حكومه‌تی عێراقه، وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق، ماوه‌ی (4) ساڵه پشتیان له‌و خه‌ڵكه كردووه".
به‌گوێره‌ی ئاماری كۆچ و كۆچبه‌رانی سۆران، له‌گه‌ڵ هاتنی داعش، زیاتر له (25) هه‌زار كه‌س، كه پێكهاتبوون له (5) هه‌زار خێزانی عه‌ره‌ب و كریستیان و ئێزیدی، ئاواره‌ی ده‌ڤه‌ره‌كه بوون، ئێستاش سه‌رووی (250) خێزان ماون و نه‌بوونی ئارامی و ئاسایش وایكردووه ئاماده‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ زێدی خۆیان نه‌بن.
د.ی