عێراق به بهشداریی 2 یاریزانی كورد رووبهڕووی ئیمارات دهبێتهوه
هەڵبژاردەی عێراق لە دوبەی دوایین راهێنانی خۆی بۆ یارییەکەی ئیمارات ئەنجام دا، کە لە یاریگای یانەی وەسڵ لە یارییەکی دۆستانەدا بەیەک دەگەن.
شێرکۆ کەریم یاریزانی یانەی هەولێر یەکێکە لەو چوار یاریزانەی بۆیەکەمجار بۆ ئەم یارییە لەلایەن سریچکۆ کاتانیچ راهێنەری سلۆڤینی هەڵبژاردەی عێراقەوە بانگهێشتکراون، لە کۆی ٢٤ یاریزانی شێرەکانی رافیدەین کە بۆ یارییەکە بانگهێشتکراون تەنیا شێرکۆ کەریم و رێبین سولاقا کوردن، کە هەڵبژاردەی عێراق لە دوبەی چوار رۆژە مەشق و راهێنان دەکات و خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادە دەکات.
عەلا عەبدولزەهرە و ئەمجەد عهتوان بەهۆی پێکانەوە لە هەڵبژاردەکە دابڕاون، بەڵام جارێکی دیکە هومام تاریق بانگهێشتکراوە و بۆ یارییەکە ئامادەیە.
رێبین سولاقا یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق چی دهڵێت؟
رێبین كه له دایكبوونی شارۆچكهی عهنكاوهی شاری ههولێره و له خولهكانی ئهورووپا یاری دهكات و بانگهێشتی ههڵبژاردهی عێراق كراوه، لهمبارهیهوه دهڵێت: من نزیکەی ساڵێکە لە هەڵبژاردەی نیشتیمانی دابڕاوم، ماوەیەک بوو بەهۆی یاریکردنم لە یانەکەم لە بولگاریا نەمدەتوانی یاریی بکەم و بەهۆی پێکانیشەوە ماوەیەک یاریم نەدەکرد، هەست دەکەم راهێنەرەکەمان دەیەوێت چەند گۆڕانکارییەک لە لیستی یاریزانەکاندا بکات و هیوادارم بتوانین یارییەکی باش بکەین.
یاریدەدەری راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دڵخۆشه
رەحیم حەمید یاریدهدهری كاتانیچی راهێنهری ههڵبژاردهی عێراق له كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیدا گوتی: بەهۆی کۆرۆناوە ماوەیەک بوو هەڵبژاردەکەمان لە یاریکردن دابڕابوو، دڵخۆشین جارێکی دیکە دەست بە یاریکردن دەکەینەوە و چەند رۆژێکە ئێمە لێرە لە دوبەی لە کەشێکی خۆشدا راهێنانەکانمان ئەنجام دەدەین، ئەم یارییە بۆ دووبارە گێڕانەوەی متمانە و لێکتێگەیشتن بۆ تیپەکەمان گرنگە، ئێمە ئەم یارییە لەپێناوی ئامادەکاریی بۆ یارییەکەی هۆنگ کۆنگ بۆ مانگی ئادار دەکەین و هیوادارین بتوانین لە مانگی شوبات یارییەکی دیکەش بکەین.
عێراق جگە لە یارییەکەی ئیمارات، رۆژی ٢٧ی ئەم مانگە یارییەکی دیکەی دۆستانە دەکات و لە بەسرە میوانداریی کوێت دەکات، وەکو ئامادەکارییەک بۆ یارییەکەی بەرامبەر هۆنگ کۆنگ لە پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ مۆندیالی ٢٠٢٢، کە عێراق بە کۆکردنەوەی ١١ خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەی سێیەمی گرتووە.