لەسەر دۆسیەی "قاچاغ لە باشماخ"، دوو پەرلەمانتار داوادەکەن پارێزبەندییان لەسەر هەڵبگیرێت

"هەموو ئەو بەڵگە و زانیارییانەی پەیوەستن بە قاچاخچێتی ئەوانەی بەم کارە هەڵدەستن، دەخەینەڕوو"
دابان محەمەد، عەلی حەمە ساڵح
دابان محەمەد، عەلی حەمە ساڵح

K24 - هەولێر

هەردوو پەرلەمانتاران عەلی حەمە ساڵح و دابان محەمەد ئەمڕۆ نووسراوێکیان ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە بۆ ئەوەی پارێزبەندییان لەسەر هەڵبگیرێت تاوەکو بچنە بەردەم دادگا "بۆ دۆسیەی قاچاغ لە دەروازەی باشماخ" و دەڵێن "هەموو بەڵگەکان دەخەینەڕوو".

لەو نووسراوەدا کە واژۆی هەردوو پەرلەمانتارەکەی گۆڕانی بەسەرەوەیە، هاتووە "ئێمە، ئامادەین بچینە بەردەم دادگا، بۆیە داواکارین لە بەڕێزتان لە زووترین کاتدا پارێزبەندیمان لەسەر هەڵگرن و دادگاش لە زووترین کاتدا دانیشت بۆ دادگاییکردنمان رێکبخات".

هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران، لە دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمانە و، پێویستی بە کۆبوونەوەی پەرلەمان نییە.

دوێنێ عەلی حەمە ساڵح و دابان محەمەد لەرێگەی فەیسبووکەوە نووسراوی دادگایان بڵاوکردبووەوە کە دەردەکەوێت لەسەر سکاڵای بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی باشماخ، لە دادگای لێکۆڵینەوەی پێنجوێن سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە، بەتۆمەتی "ناوزڕاندنیان" لەڕێگەی فەیسبووک، بۆیە دادگا داوای کردووە پارێزبەندییان لەسەر هەڵبگیرێت.

لە نووسراوەکەی ئەمڕۆی ئەو دوو پەرلەمانتارەشدا جەخت کراوەتەوە لەوەی "هەموو ئەو بەڵگە و زانیارییانەی پەیوەستن بە قاچاخچێتی ئەوانەی بەم کارە هەڵدەستن، ئەو 750 ملیۆن دۆلارەی تەنیا لە یەک خاڵی سنووریدا لەماوەی 18 مانگی رابردوو دەستکەوتووە، دەخەینەڕوو".

داواکاریی هەردوو پەرلەمانتارەکە لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان
داواکاریی هەردوو پەرلەمانتارەکە لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان

هـ.ر.