لەسەر سکاڵای بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی باشماخ داوای هەڵگرتنی پارێزبەندیی عەلی حەمە ساڵح دەکرێت

عەلی حەمە ساڵح: بەڵێ، دەیڵێمەوە، قەبارەی قاچاخی مانگانە لە باشماخ 55 ملیۆن دۆلار زیاترە... دوایەمین ھەوڵیان ئەوەیە لە رێگای دادگاوە بمانترسێنن. بێمنەت بن و چیتان لەدەستدێت بیکەن.
عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان
عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان

K24 - هەولێر

لە دادگای لێکۆڵینەوەی پێنجوێن سکاڵا لەسەر عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان تۆمارکراوە، بەو هۆیەوە دادگاکە داوا لە پەرلەمانی کوردستان دەکات، پارێزبەندیی لەسەر هەڵبگیرێت.

بەپێی نووسراوی دادگای لێکۆڵینەوەی پێنجوێن، کە واژۆی دادوەر تاڵب مەجید شەریفی بەسەرەوەیە و 14-12-2020 دەرچووە و عەلی حەمە ساڵح ئەمڕۆ (دووشەممە، 11-1-2021) لە پەیجی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی کراوە.

لە نووسراوەکەی دادگا هاتووە "لەسەر سکاڵای بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ، کە لەم دادگایە سکاڵایان تۆمارکردووە لەدژی پەرلەمانتار عەلی حەمە ساڵح، گوایە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک تۆمەتی داوەتە پاڵیان کە چەندین بارهەڵگری قاچاغ بەبێ گومرگکردن ئاودیو دەکرێن، لەبەرئەوەی ناوبراو پارێزبەندیی هەیە، داواکارین ئاگادارمان بکەنەوە لە رەزامەندیتان بە هەڵگرتنی پارێزبەندی ناوبراو بە گرتنەبەری رێکاری یاسایی لەدژی، بەپێی ماددەی 1/433 لە یاسای سزادان".

لە بەرامبەردا عەلی حەمە ساڵح لە فەیسبووکی خۆی نووسیویەتی "بەڵێ، دەیڵێمەوە: قەبارەی قاچاخی مانگانە لە باشماخ 55 ملیۆن دۆلار زیاترە... دوایەمین ھەوڵیان ئەوەیە لە رێگای دادگاوە بمانترسێنن. بێمنەت بن و چیتان لەدەستدێت بیکەن".

باسی چۆنییەتی قاچاغەکەش دەکات و دەڵێ "لە بازاڕی جگەرەکە نووسینگەی قاچاخیان داناوە و ئێستا تەواوی جگەرە بە قاچاخ دێت. لە عەقاری نووسینگەی قاچاخیان بۆ ئۆتۆمبێل داناوە و ھەموو ئۆتۆمبێلێکی رێگەپێنەدراو داخڵ دەکەن. لە جبس و ھێلکە و فەرش و کەرەستەی کارەباییەوە، تاوەکو بزن و مەڕ و پاککەرەوە باقاچاخ داخڵدەکەن".

سەبارەت بە هێزی ئەمنیی باشماخ دەڵێ "ئەو هێزە، هەماهەنگی بۆ سەرجەم بارە قاچاخەکان دەکات، پاشان لە ھەموو بازگەکانیش بەناوی باری هەماهەنگی بۆ کراو، بەبێ ئەوەی داوای مەنەفێست و پەڕەی گومرگ بکەن، هاوردەی دەکەن".

ئەو پەرلەمانتارە هەروەها روودەکاتە لیوا مەریوان، بەرپرسی کۆمەڵگای باشماخ و دەڵێ "ئەگەر دەزانن باسکردنی ئەم قاچاخیە خراپە، تەنسیقی بارە قاچاخەکان رابگرن".

نووسراوەکەی دادگا بۆ پەرلەمان
نووسراوەکەی دادگا بۆ پەرلەمان

هـ.ر.