حه‌شدی شه‌عبی له‌ كه‌ركووك زه‌وی دابه‌ش ده‌كات

بڕیارێكی حه‌شدی شه‌عبی نیگه‌رانی كه‌سوكاری پێشمه‌رگه‌ لێده‌كه‌وێته‌وه
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

لە سەردانەکەیدا بۆ کەرکووک، فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، بەڵێنی بە کەسوکاری قوربانیانی حەشدی شەعبی داوە پارچە زەوییان بەسەردا دابەشبکرێت و کۆمەڵگەیەكی نیشتەجێبوونیان بۆ دروستبکرێت، ئەمەش نیگەرانی هاووڵاتییانی کورد و کەسووکاری شەهیدانی پێشمەرگەی لێکەوتووه‌تەوە و دەڵێن، پێشمەرگە کەرکووکی لە هێرشی چەکدارانی داعش پاراست و شەهیدی بەخشیوە، پێویستە ئەوانیش قەرەبوو بکرێنەوە و لە هەر ئیمتیازێک بێبەش نەکرێن.

هاووڵاتییانی کورد لە كەركووك نیگەرانن دۆخی شارەکەیان، پەراوێزخستنی پێشمەرگە و بێبەشکردنی کەسوکاری شەهیدان لە وەرگرتنی زەوی رەتدەکەوە و پێیانوایە ئەوەی شایانی وەرگرتنی زەوی بێت پێشمەرگەیە نەک هێزێکی دیکە.

ھاووڵاتییەكی كورد لە كەركووك بە كوردستان24 گوتی: "لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە ئەو جیاوازییە لەنێوان پێكھاتەكان دەكرێت، كورد لە ھەموو شتێك پەراوێزخراوە، پێشمەرگە و كەسوكاری شەھیدەكانی پێشمەرگە شایەنی ئەوەن خان و زەویان لەم شارە پێبدرێت، چونكە ئەوان لە سەنگەرەكانی بەرگریكردنی كەركووك بوون لە شەڕی داعش و كەركووكیان پاراست".

یەكێكی دیكە لە دانیشتووانی كەركووك دەڵێ: "ھیچ ھێزێك بە قەد پێشمەرگە قوربانی بۆ كەركووك نەداوە، بۆیە دەبێ ئەولەویەت بدرێت بە پێشمەرگە و كەسوكاری شەھیدانی پێشمەرگە بۆ دابەشكردنی زەوی و خانوو لەم شارە. ئێستا زەوی دەدرێت بە ھێزێكی عێراقی كە ھیچ مافێكیان لە كەركووك نییە".

ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر حەشدی شەعبی رایگەیاندبوو، كە یەكەی نیشتەجێبوون لە كەركووك و شنگال دەدەن بە چەكدار و لایەنگرەكانیان.

بەدرێژایی شەڕی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان، پێشمەرگە و ئاسایش و هێزە کوردییەکان قەڵغانی پاراستنی کەرکووک و خەڵکەکەی بوون بە سەرجەم پێکهاتە و نەتەوەو ئاینەکانەوە، هەزاران شەهید و برینداریان بەخشی، بەڵام حکومەتی عێراق هەمیشە و بەبیانووی جیاواز ماف و شایستەکانیان بێبەشیکردوون.