چین.. یەکەم حاڵەتی گیانلەدەستان بە کۆرۆنا تۆمارکرا لەماوەی هەشت مانگی رابردوودا

تۆمارکردنی گیانلەدەستدانەکە هاوکاتە لەگەڵ گەیشتنی تیمێکی لێکۆڵینەوە بە وهان
ئەندامانی تیمەکەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەنێو پاسێکدان لەکاتی گەیشتنە فڕۆکەخانەی وهان، وێنە: NICOLAS ASFOURI / AFP
ئەندامانی تیمەکەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەنێو پاسێکدان لەکاتی گەیشتنە فڕۆکەخانەی وهان، وێنە: NICOLAS ASFOURI / AFP

K24 - هەولێر

لەکاتێکدا شارەزایان پەرێشانن بەهۆی بڵاوبوونەوەی خێرای نەوەی نوێی کۆرۆنا لە جیهان، دوێنێ چین یەکەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای تۆمارکرد، لەماوەی هەشت مانگی رابردوودا

کۆبوونەوەی کۆمیتەی رووداوە بەپەلەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) لە جنێف لەکاتێکدایە؛ چەند ئەندامێکیان گەیشتوونەتە شاری وهانی چین بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

زیاتر لە 91 ملیۆن کەس تاوەکو ئێستا تووشی کۆرۆنا بوون، نزیکەی دوو ملیۆنیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

لە چین، کە پەتای کۆرۆنا سەرەتا لەو وڵاتە دەرکەوت و بڵاوبووەوە، دوای ئەوەی تاڕادەیەک تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە کۆنترۆڵکرا، جارێکی دیکەش کۆرۆنا لە چەند شوێنێک تەشەنەیسەندووە، بەو هۆیەوەش قەدەغەی هاتووچۆیان لێ راگەیەنراوەتەوە.

هاشتاگی "تۆمارکردنی گیانلەدەستدانێکی نوێ بە ڤایرۆسەکە لە هێبێی" کە لە پلاتفۆرمی ویبۆ (هاوشێوەی تویتەرە لە چین) بڵاوکراوەتەوە، لەلایەن زیاتر لە 100 ملیۆن کەسەوە بینراوە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی هەژاندووە.

تۆمارکردنی گیانلەدەستدانەکە لە کاتێکی هەستیاردایە، بەهۆی ئەوەی تیمێکی لێکۆڵینەوە لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 14-1-2021) گەیشتوونەتە شاری وهان بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنییەتی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

پیتەر بێن ئیمبارەک، سەرۆکی تیمەکە دەڵێ بۆ ماوەی دوو هەفتە لە هۆتێل کەرەنتین دەبن، پێش ئەوەی دەست بە کارەکانیان بکەن، هۆشداریش دەدات لەوەی "رەنگە ماوەیەکی زۆر بخایەنێت، تاوەکو تێدەگەین بەدیاریکراوی چی روویداوە".