چین: پێنجشەممە تیمێکی لێکۆڵینەوە سەردانی بیجین دەکات
K24 - هەولێر
تیمێکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پێنجشەممەی داهاتوو سەردانی چین دەکات بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنییەتی سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا.
کۆمیسیۆنی تەندروستیی چین ئەمڕۆ (دووشەممە، 11-1-2021) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، تیمەکەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) لە 10 زانا پێکدێت و پێنجشەممە سەردانی چین دەکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا.
لەو سەردانەدا کە پێشتر بەهۆی پێنەدانی ڤیزا دواخرابوو، تیمەکەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەگەڵ زانایانی چینی بەهاوبەشی لێکۆڵینەوە دەکەن.
لەوەتەی ساڵی رابردووەوە تیمەکە چاوەڕێی رێگەپێدانن، بۆیە سەردانەکە گرنگییەکی سیاسیی زۆری هەیە.
رێگەپێدانەکە لەکاتێکدایە کۆرۆنا بە هەموو وڵاتانی جیهان بڵاوبووەتەوە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی دوو ملیۆن کەس و ئابووری جیهانی وەستاندووە.
لە سەرەتای ئەم مانگە، کاتێک چین سەردانی تیمەکەی دواخست، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی سەرزەنشتی ئەو وڵاتەی کرد، ئەمەش رووداوێکی دەگمەن بوو.
چاوەڕوان دەکرێت راستەوخۆ دوای گەیشتنیان بە چین، تیمەکەی رێکخراوی تەندروستیی جیهان تاوەکو دوو هەفتە کەرەنتین بن، هەروەها چاوەڕوان دەکرێت لە چوارچێوەی سەردانەکەیان، بچنە شاری وهان، ئەو شارەی سەرەتا پەتای کۆرۆنا لێی سەریهەڵدا.
سەرچاوە: AFP