نرخی نەوت رووی لە دابەزین كردەوە

نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت 0.32% دابەزی
نرخی نەوت
نرخی نەوت

K24 - ھەولێر

دوای ئەوەی نرخی نەوت ئاستی 57 دۆلاری تێپەڕاند، لە دوایین مامەڵەكاندا جارێكی دیكە رووی لە دابەزین كردەوە.

 لەگەڵ زیادبوونی حاڵەتەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا لەسەر ئاستی جیھان، كە لە ئەنجامدا مەترسی لەسەر خواست دروستكردووە، نرخی نەوت رووی لە دابەزین كردەوە.

لە میانی مامەڵەكاندا نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بەرێژەی  0.32% دابەزی و گەیشتە 55.90 دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێك، ھەروەھا نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساس بەرێژەی 0.21% دابەزی و گەیشتە 52.80 دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێك.

ئەوە لەكاتێكدایە فەرمانگەی زانیارییەكانی وزە رایگەیاندووە، ھەفتەی رابردوو یەدەگی ئەمەریكا لە نەوتی خاو زیاتر لە پێشبینییەكان داكەوتووە و ھەرچی داتا گومرگییەكانە دەریدەخات كە ساڵی رابردوو كۆی ھاوردەی چین لە نەوتی خاو  بەرێژەی 7.3% بەرزبووەتەوە، كە ئەوەش ھاوكاتە لەگەڵ ئەو شۆكەی كۆرۆنا دروستیكردووە.