دوو پێشمەرگە ماوەی دوو ساڵە بێسەروشوێنن

"پەكەكە سەرەتا گوتی لای ئێمەن ئێستاش رەتیدەكاتەوە"
kurdistan24.net

K24 – دھۆك

دوو ساڵ لەمەوبەر دوو پێشمەرگە لە نزیك كۆمەڵگەی دێرەلوك لە سنووری پارێزگای دھۆك بێسەروشوێن دەبن و تائێستا چارەنووسیان نادیارە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی مەسعود محەمەد پەیامنێری كوردستان24، مانگی 1ی ساڵی 2019 چوار پێشمەرگە كە لە كاتی ئەركدا نەبوون و لە ماڵەوە بۆ سەربردنی كات چوونەتە گەلی رەشئاڤا لە نزیك دێرەلوك، لەو كاتە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بەھۆی بوونی پەكەكە ئەو سنوورەیان بۆردومان كردووە، لە ئەنجامدا دوو پێشمەرگە شەھید دەبن و دووی دیكەشیان بەناوەكانی واحید عەبدولباقی ئەحمەد و رێدار محەمەد عومەر، بێسەروشوێن دەبن، دوای رووداوەكە میدیای پەكەكە بە فەرمی بڵاویكردووەتەوە كە ئەو دوو پێشمەرگە بە برینداری لای ئەوانن، بەڵام دواتر بەرپرسانی پەكەكە رەتیان كردووەتەوە.

باوكی یەكێك لە پێشمەرگەكان بە كوردستان24ی گوت: "ئەو كاتە كوڕەكانمان كەوتنە بەر بۆردومانی توركیا، پەكەكە بە فەرمی بڵاویكردەوە لای ئەوان، لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنیش بە ھاووڵاتییەكی دێرەلوكیان گوتوە كە دوو كەسی خەڵكی دێرەلوك لای ئەوانن ناو سێیانیان گوتبوون كە كوڕەكانی ئێمەن، بەڵام ئێستا حاشا لەوە دەكەن و دەڵێن لای ئێمە نین، نازانین ھۆكارەكە چییە".

كەسوكاری ئەو دوو پێشمەرگەیە چاوەڕێن كوڕەكانیان بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ماڵەوە، دایكی یەكێك لە پێشمەرگەكان دەڵێ: "پێمان خۆشە پەكەكە چارەنووسی كوڕەكانمان ئاشكرا بكات، چونكە ئەوان ھیچ زیانێكیان بۆ پەكەكە نەبووە تا شوێنبزریان بكات".