بەشیر حەداد: دەبێ پڕۆژەیاسای بودجە لە بەرژەوەندی هەموو عێراق پەسەند بکرێت

"حكومەتی ھەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق كێشە ھەڵپەسێردراوەكان چارەسەر بكەن".
kurdistan24.net

K24 - بەغدا

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوا دەکات، پڕۆژەیاسای بودجە لە بەرژەوەندی تەواوی پارێزگاکان بەبێ جیاوازی پەسەند بکرێت.

بەشیر حەداد، لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقدا داوای لە لیژنەکانی پەرلەمان کرد هاوکار بن بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجە، هەروەها داواشی کرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی بە هاوکاری و هەماهەنگی کێشە هەڵپەسێردراوەکانیان بۆ تێپەڕاندنی بودجە چارەسەر بکەن.

بەشیر حەداد، گوتی: "داوا لە تەواوی فراکسیۆنەکان و ئەندامانی پەرلەمان دەکەم، هاوکاری لیژنەی دارایی بکەن، بۆ دەنگدان بەو گۆڕانکاریانەی لە پڕۆژەیاسای بودجەدا کراون و پەسەندکردنی لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان و تەواوی پارێزگاکان بەبێ جیاوازی، لە زاخۆوە تا فاو، دەخوازین بەربەستەکانی بەردەم پڕۆژەیاسای بودجە تێپەڕێنین، بۆ ئەوەی دەنگی پێبدرێت، هەروەها تەواوی کێشە سیاسییەکان چارەسەر بکرێن کە دەبنە بەربەست لەبەردەم دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجە، لەنێویاندا پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی".