دوای شه‌ڕی كوه‌یت ره‌وشی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گۆڕدرا

ئەم ئۆپەراسیۆنە بووە ھۆی كوژرانی نزیكەی 100 ھەزار كەس لە سوپا و خەڵكی سڤیل
شەری یەكەمی كەنداو دوای 30 ساڵ
شەری یەكەمی كەنداو دوای 30 ساڵ

K24 – ھەولێر:

ئەمڕۆ 17 كانوونی دووەم، جیھان یادی دەستپێكردنی سەرەتای ئۆپەراسیۆنی سەربازی "گەردەلوولی بیابان" دەكاتەوە، كە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە سوپای عێراقی لە كوێت ئەنجامیدا، دوای ئەوەی سەدام حوسێن لە ئابی ساڵی 1991 داگیریكرد بوو.

باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە كوێت، ئەمڕۆ یەكشەممە، تویتێكی لەسەر پێگەی خۆی لە سەر تویتەر بڵاوكردەوە و گوتی: "ئەمڕۆ پیرۆزبایی یادی دەستپێكردنی سەرەتای ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازیە دەكەینەوە، كە بووە ھۆی ئازادكردنی كوێت پێش 30 ساڵ لەمەوبەر. 17 كانوونی دووەم سەرەتای ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی بیابان بوو، كە ھێزەكانی عێراقی لە كوێت دەركرد".

لە تویتەكەیدا، باڵیۆزخانەی ئەمەریكا گوتیشی: "ئێمە ئەو كات لە تەك كوێت بووین و ئێستاش لە تەك كوێت داین".

تویتی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە كوێت
تویتی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە كوێت

رۆژنامەی "الرای" كوێتی، بەم بۆنەیەوە، گوتارێكی بڵاوكردەوە لە سەر رۆڵی ھێزەكانی فەرەنسا لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەدا، كە بەدەرخستنی ھێزەكانی عێراق لە كوێت بە زیانێكی زۆرەوە كۆتایی ھات و لێكەوتەی مەترسیداری ھەبوو لەسەر ئایندەی عێراق و ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و تا ئەمڕۆش كاریگەرییەكانی بەردەوامە.

یەكێك لەو رووداوانەی یادكردنەوەیان گرنگە، ئەركی دەورییەی فەرەنساییە، كە "لە 12 فڕۆكەی جاكوار پێكھاتبوو". "الراي" نووسیویەتی: بە ئامانجی "ھێرشكردنە سەر بنكەی ئاسمانی ئەحمەد ئەلجابر بوو، كە سەدام حوسێن تەرخانی كردبوو بۆ ئەمباركردنی بنكە مووشەكییەكانی سكۆد".

لە 17ی شوبات 1991 ھێرشی "گەردەلوولی بیابان" بەنزیكەی 700 ھەزار سەربازی دەوڵەتە جیاجیاكانی جیھانەوە دەستیپێكرد، لە پێناو ئازادكردنی كوێت، دوای ئەوەی لەلایەن سوپای عێراقەوە داگیركرا. ئه‌مه‌ داگیركاریەش لە ئەنجامی كۆمەڵێك ناكۆكی قووڵ سیاسی و ئابووری لە نێوان عێراق و كوێت و ھەندێك وڵاتانی دیكەی كەنداو ھاتە كایەوە.

ھەندێك لەو ناكۆكیانە پەیوەست بوون بە شەڕی عێراق و ئێرانەوە لە ساڵانی ھەشتاكانی سەدەی رابردوو و گرژییە توندەكانی بەھۆی بیرە نەوتییە سنوورییە ھاوبەشەكانی نێوان بەغدا و كوێت ھاتبوونە ئاراوە.

داگیركردنی كوێت لە لایەن عێراقەوە لە لای نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمكاری عەرەبی و تەواوی دەزگا نێودەوڵەتییەكانەوە  قبوڵكراو نەبوو. ئەم شەڕە، كە دواتر بە "شەڕی یەكەمی كەنداو" دەناسرێت، سەرەتای قۆناغێكی نوێی پڕ لە گرژی و ناكۆكیی بوو لە جیھانی عەرەبیدا، ھاوكاتیش بوو لەگەڵ لێكترازانە جیۆسیاسیەكانی جیھان، كە لەگەڵ رووخانی یەكێتی سۆڤیەت ھاتبوونە ئاراوە.

ئەو كات 32 دەوڵەت بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەكەدا كرد، لە سەرووویانەوە ئەمەریكا، ھەروەھا ھەر یەك لە بەریتانیا، ئیتاڵیا، میسر، سعوودیە، ئیمارات، سووریا، قەتەر، عەمان و مەغریب.

ئەم ئۆپەراسیۆنە بووە ھۆی كوژرانی نزیكەی 100 ھەزار كەس لە سوپا و خەڵكی سڤیل، ئەمە جگە لە ئەو زیانانەی بەر ژینگەیەكی گەورە كەوت لە ئەنجامی بۆردوومانە چڕەكان بۆ سەر عێراق و ھەروەھا وێرانكردنی ژێرخانی كوێت.

دواتر ئابلوقەی نێودەوڵەتی ئابووری بە سەر عێراقدا سەپێندرا و بووە ھۆكاری لێكەوتەی وا، كە تا ئەمڕۆ عێراق باجەكەی دەدات.