بەریتانیا: ده‌مانەوێت رێككه‌وتنی درێژخایه‌ن له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بكرێت
K24 - ھەولێر
کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان رایگه‌یاند، به‌ریتانیا ده‌یه‌وێت رێككه‌وتنێكی درێژخایه‌ن له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر پرسی دارایی و بوودجه بێته ئاراوه. ئاماژەی بەوەشدا، ئه‌وان له زۆر بواردا هه‌ماهه‌نگیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه و به‌تایبه‌تیش له پرسی چاكسازیی له‌نێو هێزی پێشمه‌رگه و رێكخستنه‌وه و یه‌كخستنی ھێزی پێشمەرگە.
جەیمس سۆرنتن، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان، بە كوردستان24ی گوت: "وه‌كو دۆستێكی هه‌رێمی كوردستان، ئێمه ده‌مانه‌وێت رێككه‌وتنێكی هاوسه‌نگ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بێته ئاراوه، به تایبه‌تی له‌سه‌ر پرسی دارایی و هه‌میشه ئه‌و پرسه له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عێراق باس ده‌كه‌ین، هه‌روه‌كو لێره‌ش كه هه‌میشه هانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ین، بۆ گه‌یشتن به رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا و ئێستاش كه پڕۆژه یاسای بوودجه ره‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كراوه، هیوادارین لایه‌نه سیاسییه‌كان ئه‌و پرۆژه یاساییه په‌سه‌ند بكه‌ن".
گوتیشی: "له‌باره‌ی هه‌ماهه‌نگییه‌كانمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئێمه له زۆر بواردا هه‌ماهه‌نگیمان هه‌یه، یه‌كێك له‌و به‌رنامانه‌شی كه ئێمه زۆر كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، به‌رنامه‌ی چاكسازییه له‌نێو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و به‌تایبه‌تیش هه‌وڵدان بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی ته‌واوی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و یه‌كخستنیان له‌ژێر چه‌تری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه".