"تره‌مپ" كۆشكی سپی جێده‌هێڵێت و له فلۆریدا ژیان به‌سه‌ر ده‌بات
K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
دۆناڵد تره‌مپ، ئه‌مڕۆ 19ی كانوونی دووه‌م (جێنیوه‌ری) 2021 كه 45مین سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكایه، دواڕۆژی ژیانی خۆی له كۆشكی سپی به‌سه‌رده‌بات و سبه‌ی به‌یانی 20ی كانوونی دووه‌م له‌گه‌ڵ مه‌راسیمی چه‌سپاندنی سه‌رۆكی نوێ و سوێندخواردنی، تره‌مپ به فڕۆكه‌ی سه‌رۆكایه‌تی به‌ره‌و فلۆریدا به‌ڕێده‌كه‌وێت و كۆمه‌ڵگه‌ی گه‌شتیاری (Mar-a-Lago)له نزیك كه‌نار ده‌ریای "پالم" ئه‌و رۆژه به‌سه‌رده‌بات.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه له 18ی كانوونی دووه‌مه‌وه ئاماده‌كاری و جوانكاری بۆ مه‌راسیمی 46مین سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كه (جۆو بایدن)-ه، ده‌كرێت. ته‌واوی National Mall ته‌ختی زه‌وییه‌كه‌ی به ئاڵای ئه‌مه‌ریكا و ویلایه‌ته‌كان، رازێنراوه‌ته‌وه.
به‌پێی راپۆرتێكی زه نیویۆرك پۆست، بڕیاره تره‌مپ كاتژمێر 7:30 ئاهه‌نگێكی بچووكی ماڵئاوایی له هۆڵی Joint Base Andrews له ماریلاند نزیك واشنتۆن بۆ چه‌ند سه‌د كه‌س له كه‌سه نزیكه‌كانی و فه‌رمانبه‌رانی پێشووی كه له‌گه‌ڵیدا كاریان كردووه، رێكبخات به‌ر له‌وه‌ی بایدن سوێندی یاسایی بخوات.
یه‌كێك له میوانه‌كانی كه بڕیاره به‌شدار بێت به رۆژنامه‌كه‌ی وتووه كه تره‌مپ نامێنێته‌وه بۆ به‌شداریكردنی سوێندخواردنی بایدن و پێشوازیكردنی بایدن له كۆشكی سپی و له‌بری ئه‌و، ده‌شێت مایك پێنس جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ئه‌و ئه‌ركه بگێڕێت.
به‌پێی راپۆرتێكی بلۆمبێرگ بۆ یه‌كه‌مینجاره له مێژووی ئه‌مه‌ریكا كه سه‌رۆكی پێشوو پێشوازی له سه‌رۆكی نوێ نه‌كات، به‌ڵام هه‌روه‌ك خوله‌كانی تری سه‌رۆكایه‌تی 21 تۆپ ده‌ته‌قێنرێت.
هه‌روه‌ها سی ئێن ئێن ئاشكرای كرد كه ژماره‌یه‌كی كه‌م له میوانه‌كان نه‌بێت رێگه به خه‌ڵك نادرێت وه‌ك خوله‌كانی پێشوو به‌شداری مه‌راسیمه‌كه بكه‌ن به‌هۆی ئه‌و رێوشوێنه ئه‌منییه تونده‌ی گیراوه‌ته‌به‌ر له چوارده‌وری بینای كاپیتاڵ.
به‌پێی راگه‌یاندنه‌كانی رۆژی 16ی كانوونی دووه‌م -ی به‌رپرسانی ئێف بی ئای ژماره‌ی گاردی نیشتمانی چوارده‌وه‌ی كاپیتاڵ-یان راگه‌یاند كه گه‌یاندویانه‌ته 25 هه‌زار.
بۆ دڵنیاییدان به ئاسایش و ئارامی رۆژی 20 كانوونی دووه‌می 2021، له راگه‌یاندنێكی كورتدا گه‌وره به‌رپرسانی ئێف بی ئای و خزمه‌تگوزاری نهێنی و تیمی ئاسایشی نیشتمانی، خزمه‌تگوزارییه‌كانیان خسته خزمه‌ت رۆژی راده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات بۆ بایدن به‌رامبه‌ر هه‌ر هه‌ره‌شه‌یه‌ك له‌و رۆژه‌دا هه‌بێت.
دوێنێ 18ی كانوونی دووه‌م (پێنتاگۆن) له به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه كه له چوارچێوه‌ی ئه‌و 25 هه‌زار جه‌نگاوه‌ره‌دا، 750 كه‌سی راهێنراوی تایبه‌تی سوپای ئه‌مه‌ریكی تێدایه كه له ناویاندا تیمی بۆمبهاوێژ و تیمی فریاكه‌وتنی پزیشكی هه‌یه كه جێگیر كراون له چواره‌ده‌وری كاپیتاڵ و تا دوو رۆژ دوای سوێندخواردن له‌وێ ده‌مێننه‌وه.
هه‌روه‌ها پێنتاگۆن رایگه‌یاندووه كه له‌نێو هێزه‌كه كه‌سی خزمه‌تگوزاری راهێنراوی تێدایه له‌سه‌ر (ئۆپه‌راسیۆنی به‌هاناوه‌چوونی پیسبوونی ژینگه) له‌كاتی ئه‌گه‌ری هه‌ر هێرشێكی كیمیاوی و بایۆلۆژی و تیشكی و سوتێنه‌ر-دا.
هه‌روه‌ها جۆو بایدن له راگه‌یاندنێكدا داوای له لایه‌نگرانی كرد كه سه‌ردانی واشنتۆن نه‌كه‌ن و رێوڕه‌سمه‌كه له ئاپۆره‌ی جه‌ماوه‌ری به‌دوور ده‌بێت و وه‌ك خوله‌كانی تر رێوره‌سمه‌كه له‌سه‌ر شه‌قامی بنسلڤانیا نابێت.
به‌پێی راپۆتێكی ئێن بی سی، هه‌ر ئه‌مڕۆ 19ی كانوونی دووه‌م به‌شێك له پاڵێوراوانی كابینه‌كه‌ی جۆو بایدن له‌به‌رده‌م لیژنه تایبه‌ته‌كانی ئه‌نجومه‌نی پیراندا متمانه‌یان پێده‌درێت پاش پێشكه‌شكردنی به‌رنامه‌ی كابینه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانیان.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ند وه‌زاره‌تێك هه‌ن پێویسته به‌ر له جێگیربوون و شوێندخواردنی جۆو بایدن، ئه‌نجومه‌نی پیران متمانه‌یان بداتێ. ئه‌وانیش (جانیت یلین پاڵێوراو بۆ وه‌زاره‌تی گه‌نجینه، ئه‌لیخاندرۆ مایۆركاس پاڵێوراوی وه‌زاره‌تی ئاسایشی ناوخۆ و ئافریل هاینز پاڵێوراو بۆ به‌رێوه‌به‌ری هه‌واڵگری نیشتمانی) كاتژمێر 10ی سه‌رله‌به‌یانی به‌كاتی واشنتۆن ئه‌نجومه‌نی پیران متمانه‌یان پێده‌به‌خشرێن. هه‌رچی (جانێت یلین پاڵێوراوی وه‌زاره‌تی گه‌نجینه)یه، كاتژمێر 2ی پاشنیوه‌ڕۆ و (لوید ئۆستن پاڵێوراوی وه‌زاره‌تی به‌رگری) كاتژمێر 3ی پاشنیوه‌ڕۆ متمانه‌یان له‌لایه‌ن پیرانه‌وه پێده‌درێت.