پەیوەندیی میلانیا و ئیڤانکا تێکچووە.. بەنیازی چین؟

رۆژنامەی میرەر: ئیڤانکا ئامادەیە هەموو شتێک بکات تاوەکو لە گرنگیی کارەکانی میلانیا کەمبکاتەوە، لەبەرامبەردا میلانیا بە ئیڤانکا دەڵێ مار.
قۆناغی داهاتووی ژیانیان چۆن دەبێت؟
قۆناغی داهاتووی ژیانیان چۆن دەبێت؟

K24 - هەولێر

دوو گرنگترین کەس لە ژیانی دۆناڵد ترەمپ، ئیڤانکای کچی و میلانیای هاوسەرین، هەرچەندە هەردووکیان پەیوەندیی بەهێزیان لەگەڵ ترەمپدا هەیە، پەیوەندیی نێوانیان لاواز بووە و بەرەو نەمان دەچێت.

رۆژنامەی میرەری بەریتانی، ئەمڕۆ راپۆرتێکی بەناونیشانی "میلانیا ترەمپ و ئیڤانکا - رق و کینە لەنێو جەرگەی خێزانی سەرۆکی ئەمەریکا" بڵاوکردووەتەوە و تێیدا باسی پەیوەندیی نێوان ئیڤانکا و میلانیا و هەنگاوەکانی داهاتوویان دەکات.

لە راپۆرتەکەدا میرەر دەڵێ، ئیڤانکای تەمەن 39 ساڵ ئامادەیە هەموو شتێک بکات تاوەکو لە گرنگیی کارەکانی میلانیای تەمەن 50 ساڵ کەمبکاتەوە، لەبەرامبەردا میلانیا بە ئیڤانکا دەڵێ "مار".

سەرچاوەکانی رۆژنامەکە باسیان لەوە کردووە، لەگەڵ کۆتاییهاتنی وادەی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، پەیوەندییە لاوازەکەی ئەو دوو ژنە، بەرەو نەمان و تێکچوون دەچێت.

میلانیا، ترەمپ و ئیڤانکا، وێنە: Getty
میلانیا، ترەمپ و ئیڤانکا، وێنە: Getty

چوار ساڵ لەمەوبەر، کاتێک ترەمپ چووە کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا (کۆشکی سپی)، پەیوەندیی میلانیا و ئیڤانکا تاڕادەیەک باش بوو "هەردووکیان بە رێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ یەکتردا دەکرد، کەچی ئێستا ناتوانن تەماشای یەکتریش بکەن".

میلانیا هەستی کردووە، هەرچەندە ئەو خانمی یەکەمی ئەمەریکایە، کەچی ئیڤانکا هەوڵیداوە شوێنەکەی بگرێتەوە، لەبەرامبەردا ئیڤانکا، میلانیای وەکو رێگرییەک لەبەردەم پێشکەوتنەکانی بینیوە.

ستێفانی وینستۆن، نزیکترین هاوڕێیی میلانیا بوو، باسی لەوە کردووە رقلێبوونەوەی میلانیا و ئیڤانکا بۆ سەرەتای دەستبەکاربوونی ئیدارەی ترەمپ دەگەڕێتەوە.

لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە: لەکاتێکدا زۆر کەس پێیان وایە میلانیا ناکاریگەرترین خانمی یەکەمی ئەمەریکا بووە، ئیڤانکا رۆڵی فەرمی هەبووە لە کابینەکەی باوکی و وەک راوێژکار کاری کردووە، ترەمپیش بەردەوام باسی کچەکەی دەکات و شانازی پێوە دەکات، گوتووشیەتی لەداهاتوودا دەبێتە سەرۆک.

میلانیا و ترەمپ، وێنە: Getty
میلانیا و ترەمپ، وێنە: Getty

میلانیا

میلانیا، چەند مانگێک دوای سوێندخواردنی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمەریکا، هاتە کۆشکی سپی، دەگوترێت یەکێک لە بزرترین خانمانی یەکەمی ئەمەریکا بووە، بەپێچەوانەی ئیڤانکای کچەگەورەی ترەمپ.

میلانیا هەروەها رەتیکردووەتەوە پەیوەندی بە جیل بایدن، هاوسەری جۆو بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا بکات، هەرچەندە تاوەکو ئێستا ئەو نەریتە لەنێوان هیچ هاوسەرێکی سەرۆکی پێشوو و تازەی ئەمەریکا، نەشکاوە.

میلانیا، ئێستا دەبێت بڕیاربدات؛ لە قۆناغی داهاتوو، ژیانی چۆن بەسەر دەبات. بەپێی رۆژنامەکە لە سەرچاوە نزیکەکانی: میلانیا هیچی ناوێت جگە لە گەڕانەوە بۆ ژیانی پێشوو و خۆشیبینین لە پەروەردەکردنی کوڕەکەی و گەڕان و نیشتەجێبوون لە کۆشکەکانی هاوسەرەکەی.

میلانیا، کاتێک لە ساڵی 1996 بە ڤیزای گەشتیاری گەیشتە ئەمەریکا، ژیانێکی ئاسایی بەڕێدەکرد تاوەکو لە ساڵی 1998 دۆناڵد ترەمپی ناسی و ژیانی گۆڕا. هەرچەندە باس لەوە دەکرێت میلانیا بەنیازە کتێبێک بنووسێت و تێیدا هەندێک شت کە لەسەری دەگوترێن راست بکاتەوە، بەڵام گومانیش هەیە لەوەی لە ترەمپ جیاببێتەوە، بەتایبەتی کە لە ژووری جیاواز دەخەوێت لە هاوسەرەکەی.

ئیڤانکا و میلانیا، وێنە: AFP/Getty
ئیڤانکا و میلانیا، وێنە: AFP/Getty

ئیڤانکا

ئیڤانکا لەگەڵ جارید کۆشنەری هاوسەری لە 2017ـەوە نیویۆرکیان بەرەو واشنتن جێهێشتووە و بەردەوام یەکێک بووە لە نزیکترین منداڵەکانی ترەمپ لێیەوە و چاوی میدیاکانی لەسەر بووە.

کاتێک لە سەرەتای ئەو مانگەدا لەدوای وتارێکی ترەمپ، لایەنگرانی هەڵیانکوتایە سەر کۆنگرێس، ئەو رووداوە نەک تەنیا داهاتووی سیاسیی خۆی ئاڵۆز کرد، بەڵکو بەپێی راپۆرتەکەی میرەری بەریتانی، چانسی منداڵەکانیشی لە کاری سیاسی وێران کرد، بەتایبەتی چانسی ئیڤانکا.

زۆربەی کۆمارییەکان، پێیان وایە بەهۆی هێرشکردنە سەر باڵەخانەی کاپیتۆڵ، ئیدی خێزانەکەی ترەمپ لەنێو کۆمارییەکان هەڵنابژێردرێنەوە، "بەڵام ئیڤانکا ئەوەندە لە باوکی فێر بووە بەرگری لەخۆی بکات و متمانەی هەبێت، ئەویش دەتوانێت لەداهاتوودا بچێتە نووسینگە هێلکەییەکەی کۆشکی سپی و ببێتە سەرۆکی وڵات".

دەگوترێت تۆم باراک، هاوڕێ و هاوپەیمانی ترەمپ کە ملیاردێرە و یەکێکە لە گەورە بەخشەرانی کەمپەینەکانی کۆمارییەکان، فشاری دارایی خستووەتە سەر کۆمارییەکان بۆ ئەوەی پلانێک دابڕێژن تاوەکو ئیڤانکا گەورەترین کاری سیاسیی ئەمەریکای پێبسپێردرێت.

هەر لە براندی گەوهەر و جلوبەرگەوە بۆ بوونە ئەستێرە لە زنجیرەی ژیانی راستەقینە لە تەلەڤیزیۆن، ئیڤانکا تەنانەت پێش ئەوەی ترەمپیش ببێتە سەرۆکی ئەمەریکا، ناسراوترین منداڵی باوکی بوو، ئێستاش بەپێی رۆژنامەی میرەر، بەنیاز نییە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە نیویۆرک و لە واشنتن دەمێنێتەوە بۆ کاری سیاسی.