ئافرەتێكی بێلانە لە سۆران سێ مانگە راگیراوە و كەسوكاری نەدۆزراونەتەوە

پۆلیسی سۆران: پێشتر لە سەر شەقام و شوێنە گشتییەكان دەمایەوە
kurdistan24.net

K24 - سۆران

ئافرەتێكی بێلانە لە سۆران بە بڕیاری دادوەر ماوەی سێ مانگە راگیراوە، لەپێناو دۆزینەوەی کەسوکاری، بەڵام تائێستا ھیچ لە ئەندامانی خێزانەكەی و كەسوكاری نەدۆزراونەتەوە، پشكنینی بۆ كراوە و دەركەوتووە نەخۆشی دەروونی ھەیە.

شەماڵ دێواری، وتەبێژی پۆلیسی سۆران بە كوردستان24ی راگەیاند: "سێ مانگ پێش ئێستا ئەو ژنە لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەكان دەمایەوە، بۆ پاراستنی ژیانی و ھاوكاریكردنی، دادوەر كەیسێكی تایبەتی بۆ كردەوە، سێ مانگە راگیراوە".

وتەبێژی پۆلیسی سۆران، ئاشكرای كرد: "ئەو ئافرەتە ناوی عایدە حوسێن مستەفایە لە دایكبووی ساڵی 1973 و باری خێزانی سەڵتە، لەسەرەتای كردنەوەی كەیسەكە دادوەر بڕیاریدا پشكنینی بۆ بكرێت، دەركەوتووە ئەو ئافرەتە نەخۆشی دەروونی ھەیە، بۆیە دادوەر بڕیاریدا بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی سۆز لە سلێمانی، بەڵام یەكێك لە مەرجەكانی نەخۆشخانە ئەوەیە كەسوكاری دیاربێت و پێویستە ھاوەڵێكی لەگەڵ بێت".

سەبارەت بە دەرخستنی ئەو ئافرەتە لە میدیاكان، شەماڵ دێواری،  گوتی: "دوای ئەوەی بێ ئومێد بووین لە دۆزینەوەی كەسوكاری دادوەر بڕیاریدا لە میدیاكان دەربكەوێت، بەڵكو كەسوكاری بدۆزرێتەوە".

داواشیكرد، كەسوكاری لە ھەر شوێنێك بن، بەدوای دابچن، بۆ ئەوەی لە نەخۆشخانە چارەسەری بۆ بكرێت و بگەڕێتەوە ماڵی خۆی.

ناسنامەی عایدە مستەفا حوسێن
ناسنامەی عایدە مستەفا حوسێن