ئۆگۆزهان ئاکیەنەر: ڕاگرتنی نەوتی کوردستان نا سەقامگیری ئابووری و ئەمنی دروستکردووە

ئۆگۆزهان ئاکیەنەر، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و سیاسەتی وزەی تورکیا بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ناسەقامگیری ئابووری، ئاستی تیرۆر لە ناوچەکەدا بەهێزتر دەکات، دەشڵێت: ڕاگرتنی نەوتی کوردستان نا سەقامگیری ئابووری و ئەمنی دروستکردووە.
لە مانگی ئازاری ساڵی 2023ـەوە وەستانی گواستنەوەی نەوت، ئابووری عێراقی گرژ کردووە و بووەتە هۆی کەمبوونەوەی داهات و بەرزبوونەوەی ناسەقامگیری، لە کاتێکدا تورکیا لە ڕووی ئابوورییەوە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر نییە، بەڵام ناسەقامگیرییەکەی لە عێراقدا دەرئەنجامی ناڕاستەوخۆی لەسەر دۆخی ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە تورکیا هەیە.
ئۆگۆزهان دەڵێت: بەرزبوونەوەی ئاستی ناسەقامگیری، ئاستی تیرۆر لە ناوچەکەدا بەهێزتر دەکات" ئۆگۆزهان ئاکیەنەر، ئاماژەی بەوەدا کە تورکیا چالاکانە بەشداری ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بووە لە سوریا و عێراق. دەستکردنەوە بە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، پێویستی تورکیا بە خەرجییە فراوانەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کەمدەکاتەوە، ئەمەش ڕێگە بە ئەنقەرە دەدات هەوڵەکانی بەرەو گەشەکردنی ئابووری و فراوانکردنی بازرگانی و چالاکی کولتووری بگوازێتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، بێریس ئەکینچی، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا لەم دواییانەدا سەردانی دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد، کە ئاکینەر بە هەنگاوێکی چارەنووسساز بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان وەسفی کرد، ناوبراو جەختی لەسەر پێویستی پەیوەندیی دیپلۆماسی بەهێزتر لە نێوان بەغدا و هەولێر و ئەنقەرە کردەوە و گوتی: "پێویستە هەنگاوی هاوبەش و کارا بگیرێتەبەر بۆ ئاسانکاری لە دەستپێکردنەوەی گواستنەوەی نەوت".
ئاکینەر هەروەها جەختی لەسەر ڕۆڵی ستراتیژی فراوانتری تورکیا لە سەقامگیرکردنی ناوچەکە کردەوە و ڕایگەیاند، "هەرچەندە هەندێک دەوڵەت ئارەزووی سەقامگیری لە ناوچەکەدا ناکەن، بەڵام تورکیا هەروەک چۆن پشتگیری لە گۆڕانکارییەکانی سوریا کردووە ، بەشداری دەکات لە پاککردنەوەی عێراق لە تیرۆر".
بە گوتەی ئاکینەر، کەمبوونەوەی کاریگەریی ئێران لە عێراق و باشتربوونی پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق یارمەتیدەر بووە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان، کە پێشتر ڕێککەوتنەکانی وەستاندبوو.
ئەم پێشکەوتنە زەمینە بۆ دەستپێشخەرییە ئابوورییە گەورەکان دادەڕێژێت، وەک پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان کە ئامانجی بەرزکردنەوەی ژێرخانی ئابووری و پەیوەندی نێوان عێراق و تورکیایە.
پڕۆژەکانی وەک ڕێگای گەشەپێدان، پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق بەرەو ئاستێکی نوێ دەبەن” ئاکینەر دووپاتیکردەوە."چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا وردە وردە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی خۆشگوزەرانی عێراق و پتەوکردنی ئاشتی لە ناوچەکە".