سەرۆکی ئەمەریکا ناوی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی بۆ وەزارەتی جەنگ گۆڕی

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا، ناوی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی بۆ وەزارەتی جەنگ گۆڕی و دوای ئەو بڕیارەش، تەواوی نووسراوەکانی سەر دەرگا و دیوارەکانی پێنتاگۆن لێکرانەوە و لە بەرگرییەوە بۆ جەنگ گۆڕدران.
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەدا، وڵاتەکەیان خاوەن بەهێزترین سوپا و کەلوپەلی سەربازییە، هەموو جەنگەکانیشیان تا ئەوکاتەی ناوی وەزارەتەکە جەنگ بوو، بردوونەتەوە، بۆیە ناونیشانی وەزارەتی جەنگ گونجاوترە لە بەرگریی.
لەبارەی واژۆکردنی بڕیاری گۆڕینی ناوی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بۆ وەزارەتی جەنگ، دۆناڵد ترەمپ دەڵێت: دەربڕینی وشەی جەنگ لە بەرگریی خۆشترە.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: پێم وایە ئەو ناوە زۆر گونجاوترە، بەتایبەت لەو ڕووەی، کە جیهان ئێستا لە چ دۆخێکدایە، ئێمە بەهێزترین سوپامان هەیە، باشترین کەلوپەلی سەربازیمان هەیە و مەزنترین و چاکترین ئامێری بەرهەمهێنانی کەلوپەلمان هەیە، گوتیشی: ناونیشانی بەرگریی لەڕووی سیاسییەوە، ڕەنگە ڕاست بێت، بەڵام بۆ وڵاتی ئێمە گونجاو نییە، پێم وایە ناونیشانی وەزارەتی جەنگ ئاماژەیەک دەنێرێت.
ماوەیەک بوو دۆناڵد ترەمپ و پیت هێگزسی وەزیری بەرگریی ئەمریکا، باسیان لە گۆڕینی ناوی وەزارەتەکە دەکرد، لە مانگی ئاداری ئەمساڵ پیت هێگزس، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ڕاپرسییەکی کرد بۆئەوەی بۆچوونی هاووڵاتییانی ئەمریکا لەو بارەیەوە بزانێت.
پیت هێگزس، وەزیری جەنگی ئەمەریکاش دەڵێت: ئەم گۆڕانکارییە تەنیا ناو گۆڕین نییە، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ وشە گرنگەکان، گەڕاندنەوەی روحییەتی جەنگاوەرییە، گەڕانەوەی سەرکەوتن و ڕوونە، هاوکات کۆتاییهێنانە بە چەقبەستووییی.
وەزیری جەنگ گوتی: لە گۆڕینی ناوی وەزارەتی بەرگریی بۆ وەزارەتی جەنگ، گەڕانەوەی نییەتی بەکارهێنانی هێزە، چونکە وەزارەتی جەنگ، شەڕی یەکلاکەرەوە دەکات، نەوەک شەڕی بێکۆتا، شەڕ دەکات بۆ بردنەوە نەوەک بۆ دۆڕان،ئێمە هێرش دەبەین نەک تەنیا بەرگریی دەکەین.
دوای واژۆکردنی بڕیارەکەی ترەمپ، تەواوی نووسراوەکانی سەر دەرگا و دیوارەکانی بینای پێنتاگۆن، لە بەرگرییەوە بۆ جەنگ گۆڕدران،ناونیشانی وەزارەتەکە لە ساڵی 1789 تاوەکو 1947 جەنگ بوو، واتا تاوەکو دوای دوو ساڵ لە کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووەم.
بەگۆڕینی ناوی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا بۆ وەزارەتی جەنگ، ڕەوایەتیی بە هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە دەدرێت ئەرکیان لە بەرگییەوە بگۆڕێت بۆ رووبەڕووبوونەوە و هێرشبردن.