سیاسی
پاوان ته‌ته‌ر نێروه‌یی
پاوان ته‌ته‌ر نێروه‌یی

نووسەر

قۆناغێکی نوێی جیۆپۆلەتیکی لە سووریا

دیمەنی بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەیەکی سووریا لەلایەن ئیسرائیلەوە
دیمەنی بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەیەکی سووریا لەلایەن ئیسرائیلەوە

سووریا جارێکی دیکە لە گۆڕەپانێکی جیۆپۆلەتیکیدایە. لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا حکوومەتی کاتی سووریا بە سەرۆکایەتیی "ئەحمەد ئەلشەرع" نەیتوانی ئەو کارانە بکات کە دەبێ ئەرکی سەرەکیی خۆی بێت: یەکخستنی وڵاتێکی دابەشکراو. سەرەڕای ساڵانێک لە خوێنڕشتن و دانوستانە نێودەوڵەتییەکان و دەستپێشخەرییە دووبارەبووەکانی ئاشتی، هێشتا یەکگرتوویی نیشتمانی بەهۆی نەبوونیەوە دیارە. بەڵگەی هەرە بەرجەستە لەسەر ئەمە، بێتوانایی ڕژێمە یان ڕەنگە ئامادەنەبوون بۆ ئەوەی دانیشتوانی ڕوژئاوای کوردستان بخاتە نێو پرۆژە سیاسییەکە. چۆن دەتوانیت باسی دیدگایەکی نیشتمانی بکەیت لە کاتێکدا بەشێکی زۆری دانیشتوانی وڵات بە شێوەیەکی سیستماتیک لە گفتوگۆکان دوور خراونەوە؟

ئەو ڕاستییەی کە تا ئێستاش سووریا بە حکوومەتی عەرەبی سووریا ناو دەبرێت، تەنیا فۆرماڵیزمێک نییە بەڵکو هەڵوێستێکی سیاسییە. گەمەیەکی دەسەڵاتی زمانییە کە تێیدا تەواوی شوناسی کورد، لەگەڵ داواکارییەکانی بۆ دانپێدانان و کاریگەری، پەراوێز دەخرێت. وە لە کاتێکدا ئەم دوورخستنەوەیە بەردەوامە، ئەکتەرەکانی دیکە بەردەوامن لە یاریکردنی سیاسەتی جیۆپۆلیتیکیەکەیان لەسەر خاکی سووریا کە بە شێوەیەکی سەرەکی پێک دێن لەمانە: ئیسرائیل، تورکیا، ئێران، ڕووسیا، و ئەمریکا هەر کەسێک سیاسەتی خۆی لە جووڵەدا هەیە.

ئیسرائیل

هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجەکان لە سووریا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا نیشانەی خێراتربوونی نیگەرانییەکانە سەبارەت بە بوونی سەربازی ئێران و ئەو گروپانەی دەبنە ئەگەری هەڕەشە بو سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لەو وڵاتە. ئیسرائیل هەرچەشنە پتەوبوونی نفوزی ئێران وەک هەڕەشەیەکی وجودی دەبینێت. تەنانەت ئەگەر هێرشەکان بە فەرمی ئاراستەی سوپای پاسداران یان کاروانی چەک بۆ میلیشیاکان بکرێت، پەیامەکە بۆ دیمەشق ڕوونە؛ مەهێڵە خاکەکەت ببێتە گوڕەپانێک دژی ئیسرائیل. ئەوەی دۆخەکە زیاتر تەقینەوە دەکات ئەوەیە کە پێناچێت ئیسرائیل چیتر بە سیگناڵە وریاکان ڕازی نەبێت، ئێستا پەیوەندی بە هێرشی ڕوون و دووبارەبووەوە و زۆرجار کوشندە هەیە.

بەڵام چی ڕوو دەدات ئەگەر حکومەتی کاتیی سووریا لاواز و دابەش بوو، لە ڕاستیدا دەتوانێت ببێتە گوڕەپانێک بو پاکتاوکردنی حساباتی ناوچەیی، ڕەنگە تەنانەت هەسەدە کە پەیوەندییان بە ئەمریکاوە هەیە بێبەش نەبێت لەم باندوورانە. ئیسرائیل چۆن مامەڵە دەکات ئەگەر ئەمە وەک هەڕەشەیەکی سەربازی نوێ ببینن؟ ئەگەری ئەوە هەیە کە تەلئەڤیڤ دواتر ئامادەیی سەربازیی خۆی لە جۆلان بەهێزتر بکات و ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەکانی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سووریا فراوانتر بکات، ئەمە پرسێکە کە دەبێ حکوومەتی شەرع بە وریایی مامەلە لە گەلی بکات.

تورکیا

لە سێبەری گوڕانەکانی سووریادا تورکیا لە پشت پەردەکان چاودێریی هەموو جولەیەک دەکات، زلهێزێکی ناوچەیی کە لە نێوان بێدەنگی ستراتیجی و دەستێوەردانی شەڕانگێزانەدا دەجووڵێت. لێدوانەکەی ئەم دواییەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کە ڕایگەیاند، تورکیا بەدوای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل لە سووریادا ناگەڕێت، مەرج نییە ئاماژەیەکی ئاشتی بێت، بەڵکو دەمامکێکی دیپلۆماسی بێت بۆ پاراستنی ئازادی هاتوچۆ. تورکیا نە بەرژەوەندیی لە وروژاندنی ئیسرائیل هەیە و نە لە لەدەستدانی هاوپەیمانەکانی لە دیمەنی ئۆپۆزسیۆنی سوریادا.

لە هەمان کاتدا ئەوە ڕاستییەکە کە تورکیا بە کردەوە پشتگیریی لە چەند گروپێکی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەکات، لەوانەش حکومەتی ئەلشەرەع، بە لۆجستی و پاڵپشتی ئەمنی و شەرعیەتی سیاسی. ئەم هاوکارییە هەم هەڵوێستێکی ستراتیجییەک بوو لەدژی ڕژێمی پێشوی سوریا و ئێران و هەم ڕێگایەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئۆتۆنۆمی کورد لەسەر سنووری وڵاتەکەی.

بەڵام کردەوەی هاوسەنگیی تورکیا مەترسیدارە. ئەگەر بەرژەوەندییەکانی لە باکوری سوریا وەک بەربەستێک لەبەردەم سەقامگیریی کورددا هەست پێ بکرێت، ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی قووڵبوونەوەی ململانێکان نەک تەنها لەگەڵ هەسەدە، بەڵکو لەگەڵ زلهێزە ڕۆژئاواییەکانیش کە هاوپەیمانی کوردن. لێرەدا، بوونی ئەمریکا لە سووریا هەرچەندە کەم بووەتەوە بەڵام هێشتا وەکو سوپەرپاوەری جیهان بە شێوەیەکی بەرچاو دەتوانێت کاریگەری لەسەر سیاسەتی سووریا هەبێت.

هەموو ئەمانە مانای چییە؟

ئێمە شاهیدی نەک تەنها زنجیرەیەک ململانێی تاکەکەسین بەڵکو تەواوی بیناسازییەکی دەسەڵات و ترس و هاوپەیمانییە ستراتیجییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە دووبارە دەکێشرێنەوە. حکوومەتەکەی ئەحمەد ئەلشەرع مەترسی ئەوەی لەسەرە کە زیاتر پەراوێز بخرێت ئەگەر دەستبەجێ ستراتیجییەکی گشتگیرتر و دیپلۆماسیتر نەگرێتەبەر. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا حکوومەتێکی کاتی بە پشتیوانیی جەماوەری لاواز و توانای سەربازیی سنووردار و وابەستەی دەرەکی تەنانەت توانای ئەوەی هەیە سەربەخۆ مامەڵە بکات؟

پرسی کورد وەک دووڕیانێکی سووتێنەر ماوەتەوە. چارەسەرێک کە دان بە مافە سیاسییەکانی گەلی کورددا نەنێت، مەحکومە بە شکست وەک مێژوو جار و بار نیشانی داوە. لە هەمان کاتدا هێرشەکانی ئیسرائیل و پەرەسەندنی ڕۆڵی تورکیا تەحەدای تەواوی بیرۆکەی سەروەریی خاکی سووریا دەکات.

وشەی کۆتایی: لە نێوان دیدگا و واقیعدا ڕاستییەکی سادە و لە هەمان کاتدا بە قووڵی نائارامکەر هەیە: گەلی سووریا جا عەرەب بێت، کورد، یان ئاشووری وەک ئامرازێک دەمێنێتەوە لە یارییەکدا کە زلهێزە گەورەکان و ئەکتەرە ناوچەییەکان کۆنترۆڵی بۆردەکە دەکەن. وە تا یەکڕیزی ڕاستەقینەی ناوخۆیی سوریا وەک ئامانجێکی دوور بمێنێتەوە، گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا لە سەرووی سووریەکان ڕوودەدات. بە واتایەکی تر: ئەگەر سووریا بەم زووانە دەنگ و سەربەخۆی خۆی نەدۆزێتەوە، وڵاتانی دیکە بەردەوام دەبن لە دارشتنی سیاسەتی ئەم وڵاتە لە جیاتی خودی سووریەکان.