شانەدەر Z، دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان

کەلـلەسەری 'شانەدەرZ' دەگەڕێنرێتەوە کوردستان و بەرپرسی فەرمانگەی شوێنەواریی مێرگەسۆریش دەڵێت: هەوڵ دەدەین لەنێو مۆزەخانەی شانەدەر دایبنێین کە ئێستا دیزاینەکەی ئامادە دەکرێت. 

یەکشەممە، 20-04-2025، سۆران ئەمیر، بەرپرسی فەرمانگەی شوێنەواریی مێرگەسۆر بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "وا بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ، کەلـلـەسەری ئەو ئافرەتە نیاندەرتاڵە بگەڕێنرێتەوە هەرێمی کوردستان کە ساڵی 2018 لە لایەن تیمێکی زانکۆی کامبریج لە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزرایەوە و زیاتر لە حەوت ساڵە لە بەریتانیایە."

ئێسکەپەیکەری ئەو ئافرەتە لە ساڵی 2018ـەوە بە مۆڵەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بردرایە بەریتانیا بۆ ئەوەی لە زانکۆی کامبریج لە لایەن تیمێکی شوێنەوارناسییەوە لێکۆڵینەوە و پشکنینی زیاتری لەسەر بکرێت. ئایاری ساڵی ڕابردوو، دوای کارێکی سەخت و هۆشیارانە، تیمەکە، ئێسکەکانیان ڕێک خستەوە، کەللـەسەرێکی نوێیان لێ دروست کرد و ناویان لێ نا "شانەدەر Z". تیمە بەریتانییەکە ئاماژەیان بەوە کردبوو، ئافرەتەکە لە نێوەڕاستی چلەکانی تەمەنیدا مردووە و تەمەنی کەلـلەسەرەکە بۆ 75 هەزار ساڵ پێش ئێستا، دەگەڕێتەوە. 

ئەمەش ببینە: هەڤپەیڤینی دۆزەرەوەی کەللـەسەری نیاندەرتاڵەکەی ئەشکەوتی شانەدەر لەگەڵ کوردستان24 

 

دکتۆر ئێما پۆمەرۆی، ئەو شوێنەوارناسەی سەرپەرشتی تیمی لێکۆڵینەوەی کردووە

 

سۆران ئەمیر، هەر لەبارەی گەڕاندنەوەی کەلـلـەسەرەکە، باسی لەوەش کرد "لە ساڵی 2014ـەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنێکی لەگەڵ زانکۆی کامبریجی بەریتانی هەیە. لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا، سەرقاڵی دروستکردنی مۆزەخانەیەکین لە نزیک ئەشکەوتی شانەدەر، تاوەکوو هەموو ئەو پارچە شوێنەوارانە تێیدا هەڵبگرین کە لە ئەشکەوتەدا دۆزراونەتەوە. ئێستا زانکۆکە خەریکی دیزاینکردنی مۆزەخانەکەیە، ئەگەر تا کۆتایی ئەمساڵ کارەکانی تەواو بوون، کەلـلەسەری 'شانەدەر Z'ـی لەنێویدا دادەنێین، ئەگەر نا، لە مۆزەخانەی پایتەخت، لە هەولێر دایدەنێین."

ئەشکەوتی شانەدەر دەکەوێتە زنجیرە چیای برادۆست لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران. بە یەکێک لە کۆنترین و گەورەترین ئەشکەوتەکانی ناوچەکە دادەنرێت. بۆ جاری یەکەم لە ساڵی 1951 کاری کنە و پشکنینی تێدا کراوە. 

 

دیمەنێکی ئەشکەوتی شانەدەر لە سنووری قەزای مێرگەسۆر

 

بەرپرسی فەرمانگەی شوێنەواریی مێرگەسۆر ئاماژەی بەوەش کرد " تیمێکی زانکۆی کامبریج ساڵانە، لە سەرەتای مانگی نیسان دێنە هەرێمی کوردستان، کاری کنین و پشکنین لە ئەشکەوتی شانەدەر دەکەن و تا مانگی ئەیلوول دەمێننەوە. لە ماوەی زیاتر لە 60 ساڵی ڕابردوودا تا ئێستا، لە ئەنجامی کاری کنە و پشکنین لە ئەشکەوتی شانەدەر لەلایەن شوێنەوارناسە ناوخۆیی و جیهانییەکان، چەندان پارچەی شوێنەواری دۆزراونەتەوە، دواییانیان ئێسکەپەیکەری 'شانەدەر Z' بوو."

ساڵی 1830 بۆ جاری یەکەم پاشماوەی مرۆڤی نیاندەرتاڵ لە بەلجیکا دۆزرایەوە. لە ساڵی 1951ـیش بۆ یەکەم جار ئێسکەپەیکەری 9 پیاو و ئافرەت و منداڵی نیاندەرتاڵ لە ئەشکەوتی شانەدەر لە هەرێمی کوردستان دۆزرانەوە.

زانایانی بواری شوێنەوارناسی پێیان وایە، نیاندەرتاڵەکانیش مرۆڤی ئاڵۆز و ژیر و خاوەن نەریتی ئایینی و کۆمەڵایەتی بوون، چونکە ئەو ئێسکە پەیکەرانە، هەموویان بە یەک شێواز بەخاک سپێردراون و یەک ڕووگەیان هەبووە.

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment