ئهمڕۆ ڕۆژی جیهانیی منداڵانی قوربانیی جهنگه
ئەمڕۆ چوارشەممە، 04-06-2025، ڕۆژی جیهانیی منداڵانی قوربانیی جەنگە. نزیکەی 45 ساڵ لەمەو پێش ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم ڕۆژەی دیاری کردووە.
دوای تێپەڕینی 45 ساڵ بەسەر ئەم ڕۆژەدا، ئێستاش منداڵانی زۆر لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان و بە تایبەت منداڵانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە دۆخێکی خراپدا بەسەر دەبەن و، لە شەڕ و تێکهەڵچوونە چەکدارییەکان و ئەو توندوتیژییانەی لەگەڵیان دەکرێ، دەبنە قوربانی و ئازاری گیانی و دەروونییان بەر دەکەوێت.
کەمپی بەحرکە لە سنووری پارێزگای هەولێر یەکێکە لەو کەمپانەی لە ساڵی 2014ـەوە، دەیان هەزار ئاوارەی شنگال و مووسڵ تێیدا دەژین. حەلا نوورەددین، ئاوارەیەکی شنگالی دانیشتووی کەمپەکەیە و دایکی شەش منداڵە؛ دەڵێت: "لەبەر شەڕی داعش لە شنگاڵ ڕامانکرد. ئەو کات تەنیا منداڵێکم هەبوو، زۆر دەترسام شتێکی بەسەر بێت، بەڵام ئێستا شەش منداڵم هەیە. بارودۆخی ئەمنیی شنگال ئاسایی نەبووەتەوە، ناتوانم منداڵەکانم بگەڕێنمەوە شارەکە."
بەشێکی زۆری منداڵانی نێو کەمپی بەحرکە هەر لە نێو کەمپەکەدا لە دایک بوون و گەورە بوون. ژیانی ئاوارەیی، بەشێکی زۆری خەون و ئاواتەکانیانی لەناو بردووە. منداڵان هیچ گوناهێکیان نییە، بەڵام باجی هەڵە و ناکۆکیی گەورەکان دەدەن.
وەعد حوسێنیش ئاوارەیەکی کەمپەکەیە و باوکی چەند منداڵێکە، وەکوو خۆی باسی دەکات: "زۆر ناخۆشی و دەردەسەریمان لە سەردەمی داعش بینی، زۆر ترس لەسەر خۆمان و منداڵەکانیشمان هەبوو؛ ئەمە بووە هۆی ئەوەی بێینە هەرێمی کوردستان و لە کەمپ نیشتەجێ ببین، چونکە ئارامی لێی هەیە و زۆر بە باشی خزمەتمان دەکرێت. تا ئێستا ناوچەکانمان لە ڕووی ئەمنییەوە سەقامگیر نین، ناتوانین بگەڕێینەوە."