
د. ئەیوب گەڵاڵی
نووسەر
سەرۆک مەسعوود بارزانی؛ فریادڕەسی ئێزدییەکان

ئەمڕۆ 11 ساڵ بەسەر گەورەترین تاوانی سەدەی بیست و یەکەم تێدەپەڕێت ئەویش تاوانی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی ئێزدییەکانە، کە لە 3-8-2014دا لەلایەن تیرۆریستانی داعش ئەنجامدرا.
ئاشکرایە کە ئێزدییەکان بەشێکی سەرەکی و دانەبڕاوی پێکهاتەی نەتەوەی کوردن، کە سەدان ساڵە لەسەر ئەم خاکە بوونیان هەیە، ئەو زمانەی کە گفتوگۆ و ئاخافتنی پێدەکەن بەڵگەی حاشا هەڵنەگر و یەکلاکەرەوەن لەسەر بنەچەی ڕەسەنایەتی نەتەوەیی ئەوان، هەروەها هەردوو دوو کتێبی پیرۆزی (جەلوە و مسحەفی ڕەش) کە بە ئەلفوبێیەکی ڕەسەن و کۆنی کوردی نووسراون بەڵگەیەکی دیکەی ئەو ڕاستییەن.
دیارە بە درێژایی مێژوو زۆرێک هەوڵیان داوە بنەچەی ڕەسەنی ئەم پێکهاتە گرنگەی ئەم نەتەوەیە بشێوێنن و بیروباوەڕیان بگۆڕن و تەنانەت بنەبڕیان بکەن، بەڵام هەموو ئەم هەوڵانە بەرامبەر خۆڕاگری ئەم پێکهاتە نەتەوەییە ڕەسەنە کە سەدان ساڵە ڕەگوڕیشەی لەسەر ئەم خاکە داکوتاوە شکستیان هێناوە.
بەدرێژایی سەردەمەکان ئێزدییەکان بە شێواز و ڕێگەی جۆراوجۆر دووچاری هەموو جۆرە نادادپەروەریی و گۆشەگیریی و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی بوونەتەوە، تەنانەت هەڵمەتەکان گەیشتوونەتە ئاستی پاکتاوکردن و هەڵمەتی جینۆساید.
لێ لەهەموو ئەم هەڵمەت و هێرشانەی کە ئێزدییەکان بەدرێژایی ئەم مێژووە دووچاری بوونەتەوە و زیاترین کاریگەریی و زەبرو زیانی هەبووە، داگیرکردنی شنگال و جینۆسایدکردنی خەڵکەکەی بوو لە لەلایەن داعشەوە.
دیارە داعش دوای ئەوەی توانی دەستبەسەر زۆربەی زۆری ئەو چەک و کەرەستە سەربازییە پێشکەوتووانەی کە هێزەکانی سوپای عێراق لە مووسڵ بەجێیان هێشتبوو دابگرێت، کە ئەمەش بووە پاڵپشتییەکی بەهێزو کاریگەر بۆیان، هەروەها نەبوونی چەکی پێویست و پێشکەوتوو بۆ هێزی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هێزانە و دوای بەرگرییەکی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەو نەبوونی باڵانسی هێز - لەڕووی پێشکەوتوویی چەکەوە - داعش ئەو ناوچانەی داگیرکرد و دەستی کرد بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی و جینۆساید لە دژی هاووڵاتییانی ئێزدی و زیاتر لە پێنج هەزار کەسیان کۆمەڵکوژ کرد، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی ئێزدییان بە دیل برد، ئەوانەشی ڕوویان لە چیای شنگال کرد لەوێ گەمارۆدران و بەشێکی زۆریان بەهۆی برسێتی و تینوێتی و نەخۆشی گیانیان لەدەستدا، تا هێزی پێشمەرگە بە پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانان توانیان ڕێگاکان بۆ دەربازبوونیان بۆ ناوچە ئارامەکان مسۆگەر بکەن. هەروەها ئەم هەڵمەتە بووە هۆی ئەوەی زیاتر لە پێنج هەزار کەسی دیکە لەلایەن داعشەوە بڕفێندرێن کە تا ئێستا چارەنووسی نزیکەی سێ هەزاریان نادیارە، بەگشتی نزیکەی 400 هەزار کەس ئاوارەبوون، ئەمە جگە لەوەی هەزار و پێنج سەد ئافرەتەی دووچاری دەستدرێژی بوونەوە و بە سەدانیان وەک کۆیلە کڕین و فرۆشتنیان پێکرا.
بە کۆیلەکردن و دەستدرێژیکردنە سەر ئافرەتانی ئێزدی بە هەموو پێوەر و فۆرم و یاسا نێودەوڵەتییەکان کردەوەیەکی جینۆسایدە. بەو پێیەی کۆیلەکردن و دواتر دەستدرێژیکردنەسەر کە وەک ئامرازێک بۆ پاکتاوکردنی نەتەوەیی بەکارهێنرا، بە ئامانجی تیرۆرکردن و دەست بەسەرکردنی بەکۆمەڵ، هەروەها بە ئامانجی کاریگەریکردن لەسەر پێکهاتەی نەتەوەییان کردارێکی سەر بەو زنجیرە جینۆسایدەیە کە بەسەر ئێزدییەکاندا هات و بە “فەرمان” ناوزەدکرا.
بەپێی پەیماننامە و یاسا نێودەوڵەتییەکان کە پەیوەندییان بە تاوانەکانی جینۆسایدەوە هەیە، کۆمەڵکوژی و کۆیلەکردن و ئاوارەکردنی ئێزیدییەکان لەسەر خاک و ماڵی خۆیان بە هەموو مانا و پێوەرەکانییەوە تاوانی جینۆسایدە، لە چوارچێوەی ئەو پێناسە گشتییەی جینۆساید کە بریتییە لە “لەناوبردنی بە ئەنقەستی گرووپێکی نەتەوەیی، ئایینی، کۆمەڵایەتی، لەوانەش کردەوەی قڕکردن کە ئاراستەی گرووپە نەتەوەیی و ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان دەکرێت، بەبێ گوێدانە پاڵنەرێک کە لە پشتیانەوە بێت، چ سیاسی یان ئایینی.. هتد“، بۆیە هەروەک ئاماژەمان پێدا ئەوەی ئێزدییەکان دووچاری بوونەوە بە هەموو پێوەرێکەوە جینۆسایدە، لەم ڕووەوە بەپێی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ساڵی 1948ەوە دەرچووە، ئەنجامدانی هەریەکێک لەم کردەوانەی خوارەوە بە مەبەستی لەناوبردنی تەواوی یان بەشێکی گرووپێک لەسەر بنەمای نەتەوە، ڕەگەز یان ئایین، وەک، کوشتن و لەناوبردنی ئەندامانی گرووپەکە، یان زیانی جەستەیی و دەروونی، ئەمەش لە ڕاستیدا بەسەر ئێزدییەکانی شنگالدا هات بە جینۆساید هەژمار دەکرێت.
داعش بە ئەنجامدانی ئەم کارەی هەوڵیدا مێژوو دووبارە بکاتەوە بە گۆڕینی تەواوی دیمۆگرافیای ناوچەکە و وەدەرنانی زۆربەی خەڵکەکەی و هێنانی ئەوانی دیکە کە گوێڕایەڵی بوون. ئەم پرۆسەیە لە سەرەتای هەڵمەتەکانی ئاوارەبوون و بەعەرەبکردن و بە بەعسیکردن لە شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا دەستی پێکرد، کە دواتر لە هەشتاکاندا گەیشتە ترۆپک و پڕۆسەی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان و فەیلییەکان و ئەنفالی گەرمیان و بادینان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و کوردستانی بەگشتی لێکەوتەوە.
دوای ئەوەی داعش شنگال و ئەو ناوچانەی کە ئێزدییەکانی تێیدا نیشتەجێ بوون، بەو هۆکارانەی کە لە سەرەوە باسمان کرد و کۆمەڵکوژییان بەرامبەر هاووڵاتییانی ئەنجامدا، سەرۆک مەسعود بارزانی ڕزگارکردن و ئازادکردنی ئێزدییەکانی کردە کاری لە پێشینە و فەرمانی کرد کە هەرچۆنێک بێت پێویستە لە چنگی تیرۆرو تیرۆرستان ڕزگاربکرێن گرنگ نەبوو چۆن و بە چ نرخێک بێت. دوای ڕووبەرووبەنەوەی توندی هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ تیرۆریستان و بە ئامادەبوون و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی خودی سەرۆک مەسعود بارزانی لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ دواجار توانرا، شنگال لە دڕندەیی داعش ڕزگار بکرێت و سەرۆک بارزانی ئەو پەیمان و بەڵێنەی کە دابووی هێنایەجێ و شنگال و هەموو ناوچەکانی دیکە لە چنگی داعش ڕزگار کران و هاووڵاتییان بە ئاسوودەیی و کەرامەتەوە گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەوەبوو ئەنجوومەنی ڕۆحانی ئێزیدییەکان نازناوی “فریادڕەس و ڕزگارکەری ئێزیدییەکان“ ـی بە سەرۆک مەسعود بارزانی بەخشی.
قوربانیدانی پێشمەرگە و ڕۆڵی قارەمانانەیان لە داستانی ئازادکردنی شنگالدا ئەوەی سەلماند کە ئێزیدییەکان لەلای سەرۆک بارزانی خاوەن پێگەیەکی چەندە گەورە و بەنرخن ، هەروەک دەبینین بەڕێزیان لە زۆر بۆنەدا بە نموونەی خۆڕاگری و قوربانیدانی نەتەوەی کورد ناویان دەبات.
سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵ و هەڵمەتانەی بۆ لەناوبردن و نەهێشتنی ئێزیدییەکان درا ، لە بەرامبەردا کوردانی ئێزدی بە بوێرییەکی زۆرەوە بەرگرییان لە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان کرد و هیچ هێز و لایەنێک نەیانتوانی بوونیان بسڕێتەوە. پابەندبوونی کوردانی ئێزدی بە ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی خۆیانەوە هەمیشە چەکێکی بەهێز بووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنان بەکاریان هێناوە، کە سەرەڕای دڕندەیی و بەربەرییەت و هەموو کارە نامرۆڤانەکانیان لە کاتی داگیرکردنی ناوچەکانیاندا دەرهەقیان ئەنجامیاندا، کەچی نەیانتوانی ئیرادەی ئەم بەشە ئازیزەی گەلی کورد بگۆڕن. و ئەوەی سەدان گەنج و لاوی کوردستان لە هەڵگرتنی چەکی شەرەف و پەیوەستبوون بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەو ئازادکردنی شاری شنگال و شەهیدبوونی سەدانیان، پەیامێکی ڕوون و ئاشکرایان بۆ هەمووان دوپاتکردەوە، کە ئێزدییەکان بەشێکی دانەبڕاوی گەلی کوردستان و خاکەکەین. شایەنی باسە، بە بڕیار و هەوڵی سەرۆک مەسعود بارزانی، ژمارەیەکی زۆر لەو ئافرەتانەی کە لە کاتی داگیرکردنی شنگال و ناوچەکانی دیکەی ئێزدییەکان لەلایەن داعشەوە بە دیل گیرابوون ڕزگارکران و گەڕێنرانەوە ناو خانەوادەکانیان و هەوڵەکانیش بەردەوامن بۆ ڕزگارکردن و گەڕاندنەوەی هەموو ئەوانەی کە هێشتا ماونەتەوە.
پاڵپشتی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ ئێزدییەکان تەنیا لەم لایەنەدا سنووردار نەبوو، بەڵکو پشتیوانی ئەو بۆ ئێزدییەکان دەمێکە و لە لایەنی جۆراوجۆرەوە ناسراوە. لە کاتی پێکهێنانی حکوومەتی ڕاگوزەری کاتی عێراق لە دوای ڕووخانی ڕژێم، بە تایبەتی لە مانگی حوزەیرانی 2004دا، سەرۆک بارزانی پێداگری لەسەر ئەمەریکییەکان و ئەخزەر ئیبراهیمی نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان کرد کە دەبێت وەزیرێکی ئێزدیی لە حکوومەتی ڕاگوزەری نوێی عێراقدا هەبێت، بۆ ئەوەی ببێتە بناغە و چرایەکی هیوا بۆ پێکهاتەیەکی گرنگی نەتەوەی کورد. ئەم پێداگری و پێشنیازە بە بایەخێکی زۆرەوە لەلایەن هەموو لایەکەوە پێشوازیی لێکرا و کەسایەتییەکی شیاوی ئێزدی بۆ یەکەمجار لە مێژووی حوکمڕانی لە عێراقدا بۆ ئەم پۆستە کاندید کرا.
لە ساڵی 2021 پەرلەمانی عێراق یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2021، یاسای ڕزگاربووانی ئێزدی دەرکرد کە جگە لە ناساندنی تاوانەکانی داعش بە جینۆساید و تاوانی دژبە مرۆڤایەتی، چوارچێوەیەکی بۆ دەستەبەرکردنی قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بۆ ڕزگاربووانی ئێزدیش دامەزراند. بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ناوەڕۆکی ئەم یاسایە جێبەجێ نەکراوە، سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی چوار ساڵ بەسەر دەرچوونیدا کە ئەمەش پێشێلکردنێکی ئاشکرای بنەما سەرەکییەکانی دەستوورە کە عێراقی نوێی لەسەر پيکهێنرا.
لێرەدا ئەو پرسیارەی کە دێتە پێشەوە ئەوەیە ئایا دەتوانین پێشبینی ئەوە بکەین کە عێراق لە داهاتوودا بتوانێت خۆی لە جینۆسایدێکی هاوشێوە بەدوور بگرێت؟ ئەو گەرەنتییانە چین کە ئەمە لە داهاتوودا ڕوونەداتەوە؟ ئایا دەکرێت لە نەبوونی چارەسەرکردنی ڕەگ و ڕیشەو هۆکارەکانی جینۆساید کە لە عەقڵییەتی شۆڤێنیستی ئەنجامدەرانیدایە، هەروەها لایەنی پەروەردەیی کە پێویستی بە چاکسازی هەیە، کە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە وەک مەترسییەک دەمێنێتەوە لە دووبارەبوونەوەی جینۆسایددا؟ ئەمانە پرسیارگەلێکن کە ڕووبەڕووی هەمووان دەبێتەوە - بەبێ جیاوازی - بۆ ئەوەی بەبێ خۆدزینەوە وەڵامیان بدرێتەوە.