مێژووی پارتی؛ 79 ساڵ لە تێکۆشان و سەرکەوتن و دەستکەوت

لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان

پارتی دیموکراتی کوردستان پارتێکی سیاسییە کە خاوەنی ئامانجی نیشتمانی و نەتەوەییە و ماوەی 79 ساڵە لە پێناویدا تێدەکۆشێت. ئەم ئامانجانە لەسەر کۆمەڵێک بنەمای هزری دامەزراون کە ڕێڕەوی خەباتی نەتەوەیی، نیشتمانی و دیموکراسیی پارتین.

بنەما و ئامانجە سەرەکییەکان:

یەکەم: وەک پارتێکی دیموکراتی، جەماوەری و پێشکەوتنخواز، پارتی نوێنەرایەتی نەتەوەی کورد و گەلی هەرێمی کوردستان لە عێراقدا دەکات. پارتی پشت بە ڕێبازی بارزانیی نەمر دەبەستێت و باوەڕی بە مافی چارەنووسی گەلی کورد هەیە و لە پێناو مافە ڕەواکانیاندا تێدەکۆشێت.

دووەم: پارتی باوەڕی تەواوی بە دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات هەیە و گەل بە سەرچاوەی دەسەڵاتەکان دەزانێت. پارتەکە کار بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵاتەکان دەکات بەپێی بنەما دیموکراسییەکان، کە خۆیان لە کێبڕکێی ئاشتیانەی سیاسی و هەڵبژاردنی ئازاد و دەوریدا دەبیننەوە.

سێیەم: لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا، پارتی وەک پارتێکی دیموکراتیخواز کار بۆ چەسپاندنی سیستەمی دیموکراسی فیدڕاڵی دەکات. ئەمەش لەسەر بنەماکانی هاوبەشیی ڕاستەقینە، هاوسەنگی و بەشداریی کارا بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کورد و کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدڕاڵدا.

چوارەم: پارتی باوەڕی بە فرەپێکهاتەیی لە هەرێمی کوردستان هەیە و دان بە مافی پێکهاتەکاندا دەنێت. هەروەها خەبات دەکات بۆ هێنانە کایەی کۆمەڵگایەک کە لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون، یەکسانی و ڕێزگرتنی مافی هەمووان دامەزرابێت، بێ گوێدانە ڕەگەز، ئایین، مەزهەب و جیاوازییە کولتوورییەکان.

پێنجەم: پارتی باوەڕی بە ڕەوایەتیی دۆزی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ناوچەکە هەیە. لە ژێر ڕۆشنایی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی، پڕەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و بنەما چەسپاوەکانی مافی گەلان لە چارتەری نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە، تێدەکۆشێت بۆ ئەوەی هەمووان پێکەوە لە ئاشتی و ئارامیدا لە ناوچەکەدا بژین و زەمینەی ژیانێکی شایستە و ڕێزلێگیراو بۆ هەموو لایەک فەراهەم بکرێت.

مێژووی کۆنگرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان 

پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک یەکێک لە پارتە سەرەکییەکانی گۆڕەپانی سیاسی کوردستان، لە مێژووی خۆیدا 14 کۆنگرەی بەستووە. ئەم کۆنگرانە زۆرجار وەرچەرخانی گرنگ بوون لە سیاسەتی پارتەکەدا و کاریگەرییان لەسەر ڕەوشی سیاسی کوردستان و عێراق هەبووە. کات و شوێنی بەستنی کۆنگرەکان بەپێی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی ئەو سەردەمە دیاریکراوە.

کۆنگرەی یەکەم (کۆنگرەی دامەزراندن)

لەسەر ڕاسپاردەی جەنەراڵ مەلا مستەفا بارزانی، لە 16ی ئابی 1946، 70 نوێنەر و کەسایەتیی باشووری کوردستان لە شاری بەغدا بە نهێنی کۆبوونەوە و یەکەمین کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردیان بەست. لەم کۆنگرەیەدا مەلا مستەفا بارزانی وەک سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرا.

کۆنگرەی دووەم

لەنێوان 13 و 14ی ئاداری 1951 لە شاری بەغدا، بە بەشداری نزیکەی 30 ئەندام، کۆنگرەی دووەم بەڕێوەچوو. یەکێک لە بڕیارە گرنگەکانی ئەم کۆنگرەیە دامەزراندنی کۆمیتەی ناوەندیی کاتی بوو. هەروەها، دەستی کردەوە بە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی "ڕزگاری" و ڕۆژنامەیەکی نوێی بە زمانی عەرەبی بە ناوی "نداء کردستان" دەرکرد.

کۆنگرەی سێیەم

لە 26ی کانوونی دووەمی 1953، لە بارودۆخێکی ئەمنی سەختدا و بە نهێنی، کۆنگرەی سێیەم لە ماڵی "فاتیح جەباری" لە گەڕەکی شاترلوی کەرکووک بە بەشداری نزیکەی 40 نوێنەر بەسترا. لەم کۆنگرەیەدا چەند بڕیارێکی چارەنووسساز دران:

1. گۆڕینی ناوی پارت لە "پارتی دیموکراتی کورد"ەوە بۆ "پارتی دیموکراتی کوردستان".

2. گۆڕینی ناوی ئۆرگانی زمانحاڵی پارت لە "ڕزگاری"یەوە بۆ "خەبات".

3. دامەزراندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان: یەکێتیی قوتابیانی کوردستان، یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان.

کۆنگرەی چوارەم

دوای گەڕانەوەی مەلا مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی لە یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو، کۆنگرەی چوارەم لە ٤ی تشرینی یەکەمی 1959 بە شێوەیەکی ئاشکرا لە شاری بەغدا بەسترا.

کۆنگرەی پێنجەم

دوای سەرکەوتنی شۆڕشی 14ی تەمموزی 1958 و دەرچوونی یاسای ڕێکخراوە سیاسییەکان، پارتی مۆڵەتی فەرمی کارکردنی وەرگرت. بەم هۆیەوە، کۆنگرەی پێنجەم لە 5ی ئایاری 1960 بە شێوەیەکی ئاشکرا لە بەغدا بەڕێوەچوو.

کۆنگرەی شەشەم

لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی حکومەتی عێراق بۆ سەر کوردستان لە حوزەیرانی 1963 و بەشداریی هێزی هەندێک لە وڵاتانی هەرێمەکە، مستەفا بارزانی بڕیاری بەستنی کۆنگرەی شەشەمی دا. کۆنگرەکە لە نێوان 1 بۆ 7ی تەمموزی 1964 لە قەڵادزێ بە ئامادەبوونی 639 نوێنەر بەسترا.

کۆنگرەی حەوتەم

دوای ڕێککەوتننامەی 29ی حوزەیرانی نێوان مەلا مستەفا بارزانی و عەبدولڕەحمان عارف، سەرۆک کۆماری ئەوکاتی عێراق و ئاساییبوونەوەی بارودۆخی کوردستان، کۆنگرەی حەوتەم لە 15 تا 21ی تشرینی دووەمی 1966 لە شارەدێی گەڵاڵە لە ناوچەی باڵەکایەتی، بە بەشداریی 425 نوێنەر، بەڕێوەچوو.

کۆنگرەی هەشتەم

دوای ڕێککەوتنی 11ی ئاداری 1970 لە نێوان سەرکردایەتی شۆڕشی کورد و حکوومەتی عێراق، کە داننان بوو بە مافەکانی گەلی کورد، کۆنگرەی هەشتەم لە 1 تا 6ی تەمموزی 1970 لە گوندی ناوپردان لە باڵەکایەتی، بە ئامادەبوونی 488 نوێنەر، ئەنجامدرا.

کۆنگرەی نۆیەم

دوای کۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی لە 1ی ئاداری 1979 و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، پێویستیی بەستنی کۆنگرەیەکی نوێ هاتە ئاراوە. کۆنگرەی نۆیەم لە 10 تا 14ی تشرینی دووەمی 1979، بە دروشمی "کوردستان یان نەمان"، سەرەتا لە گوندی دەربەند و دواتر لە ئۆردوگای زێوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەسترا. لەم کۆنگرەیەدا، سەرۆک مەسعود بارزانی بە کۆی دەنگی ئامادەبووان وەک سەرۆکی پارتی هەڵبژێردرا.

کۆنگرەی 10ـیەم

دوای دامەزراندنی بەرەی کوردستانی و گۆڕانکارییە سیاسییەکان، کۆنگرەی دەیەم لە 2 تا 12ـی کانوونی یەکەمی 1989 لە گوندی هێشماوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە بەشداریی 332 نوێنەر، بەسترا.

کۆنگرەی 11ـیەم

پاش ڕاپەڕینی بەهاری 1991 و دامەزراندنی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنگرەی یازدەیەم لە 26ـی ئابی 1993 لە هەولێری پایتەخت، بە ئامادەبوونی 2167 نوێنەر، بەڕێوەچوو.

کۆنگرەی 12ـیەم

دوابەدوای ڕێککەوتننامەی ئاشتی واشنتن لە ساڵی 1998، کۆنگرەی دوازدەیەم لە 6ی تشرینی یەکەمی 1999 لە هەولێر، بە دروشمی "ئاشتی، ئازادی، دیموکراسی" و بە بەشداریی 1473نوێنەر، سازکرا.

کۆنگرەی 13ـیەم

لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە 2003 و گۆڕانکارییە گەورەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، کۆنگرەی سێزدەیەم لە ١١ی کانوونی یەکەمی 2010 لە هەولێر، بە دروشمی "نوێبوونەوە، دادپەروەری، پێکەوەژیان" و بە ئامادەبوونی 350 کەسایەتی، لە نێویاندا سەرۆک کۆماری کۆچکردووی عێراق، جەلال تاڵەبانی، بەڕێوەچوو.

کۆنگرەی 14ـیەم

نوێترین کۆنگرەی پارتی لە 3ی تشرینی دووەمی 2022 لە شاری دهۆک، بە دروشمی "ئازادی، دیموکراسی و دادپەروەری" و بە ئامادەبوونی زیاتر لە هەزار نوێنەر، دەستی بەکارەکانی کرد. لەم کۆنگرەیەدا، سەرۆک مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی پارتی و نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانیش وەک جێگرانی سەرۆک هەڵبژێردران.

 

لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان

 

لۆگۆی پارتی:

بازنەی دەرەوەی سوور: هێمای خوێنی شەهیدانی کوردستان و خەباتی بەردەوامە لە پێناو بەدەستهێنانی ئازادی و سەرفرازیی کوردستان.

بازنەی ناوەوەی سەوز: گوزارشت لە جوانی و سروشتی لادێکانی کوردستان دەکات.

خۆری زەرد: نیشانەی سەرچاوەی ژیان و ڕووناکییە.

هەڵۆ: هێمای ئازادی، جوامێری، شانازی، دانبەخۆداگرتن و بەرگەگرتنە.

گوڵەگەنمەکان: هێمایە بۆ کشتوکاڵی کوردستان و سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی خاکەکەی.

بە گشتی، ڕەنگەکانی بەکارهاتوو لە لۆگۆ یان هێمای پارتی، گوزارشت لە ڕەنگەکانی ئاڵای پیرۆزی کوردستان دەکەن.

 

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment