دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوی مووسڵ، یادگارییەکانی 'خانکێ' دەردەخاتەوە

بەھۆی کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوی مووسڵ، گوندێکی کۆن و گۆڕی هاووڵاتییەکی شەهیدکراو دەرکەوتوون. 

بەھۆی نزمبوونەوەی بەرچاوی ئاستی ئاوی بەنداوی مووسڵ، گوندێکی دێرین بە ناوی "خانکێ" یان "خانکی کۆن" و چەند شوێنەوارێکی مێژوویی، لەنێویاندا گۆڕی هاووڵاتییەکی شەهیدکراو، دووبارە دەرکەوتنەوە.

 ئەم ڕووداوە سەرنجی خەڵکی ناوچەکەی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە و بووەتە جێگەی سەردانی خەڵک بۆ بەسەرکردنەوەی شوێنەکانیان.

یەکێک لەو شوێنەوارانەی کە دەرکەوتووەتەوە گۆڕی شەهید "جەبوور بەککۆ عەلی"یە. سمایل مەدوور، دانیشتووی کۆنی گوندی خانکێ، دەڵێت: "جاری سێیەمە ئاوەکە دادەکشێت و ئەم گۆڕە دەردەکەوێت، خەڵک سەردانی دەکەن. خەڵکی ناوچەکە بە مەبەستی بەسەرکردنەوەی مێژووی خۆیان و یادی قوربانیانیان، سەردانی ئەم گۆڕە دەکەن."

حەمە حەمزە عەبدۆ، موختاری کۆنی گوندی خانکێ، باسی لە ڕووداوێکی مێژوویی کرد و گوتی "لە ساڵی 1961، ڕژێمی ئەوکاتەی عێراق ھێرشی کردووەتە سەر گوندەکە و جەبوور بەککۆ عەلی لەو کاتەدا شەهید کراوە. ئەو ڕووداوە مێژووییە، دواتر لە ساڵانی ھەشتاکان گوندەکە لەگەڵ دروستکردنی بەنداوی مووسڵدا نوقمی ئاو بوو."

 بە گوتەی موختاری گوندەکە، لەکاتی هێرشەکەدا دوو فڕۆکە ھاتوون و بۆمبارانی گوندەکەیان کردووە و چەندین کەسیان شەهید کردووە، لەنێویاندا جەبوور بەککۆ عەلی.

ئێستا بەھۆی نزمبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەکە، جگە لە گۆڕەکە، شوێنەواری خانووەکان و قوتابخانەی کۆنی گوندەکەش دەرکەوتوونەتەوە. ئەم شوێنەوارانە بۆ خەڵکی گوندەکە و دەوروبەری، یادەوەریی دەیان ساڵ لەمەوبەر زیندوو دەکەنەوە. خەڵک بە بەردەوامی سەردانی دەکەن و لەو شوێنە مێژووییانە ڕووداوەکانی ڕابردوو و داستانی قوربانیدان دەگێڕنەوە.

 
Fly Erbil Advertisment