ئاڵای کوردستان24 لە بەرزترین لوتکەی کوردستان هەڵکرا

پەیامنێرمان، هێرۆ مەولودی، وەک یەکەمین خانمی ڕۆژنامەنووس، لەگەڵ 68 شاخەوانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتە لوتکەی چیای هەڵگورد کە بەرزییەکەی 3607 مەترە.

کاتژمێر 03:00ـی بەرەبەیانیی شەممە، 30ـی ئابی 2025، گرووپەکانی شاخەوانیی هەولێر، سلێمانی، سۆران و دوو تیمی شاخەوانیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە بناری چیای هەڵگورد بەیەک گەیشتن. 

دوای دەستنیشانکردنی ڕێبەران و چاودێرانی گەشتەکە، ڕێنمایی تایبەت بە شاخەوانەکان درا. پاش چەند خولەکێک خۆگەرمکردن، شاخەوانەکان بەرەو لوتکەی هەڵگورد بەڕێکەوتن و بە ڕێگایەکی سەخت دەستیان پێکرد.

تیمێکی کوردستان24ـیش بە سەرپەرشتیی پەیامنێرمان هێرۆ مەولوودی، یاوەری گرووپەکانی شاخەوانییان کرد و هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵیان بوون. 

تاریکی ڕێگر نەبوو لە ڕۆیشتنی شاخەوانەکان. لەگەڵ ڕۆژهەڵاتن، گەیشتنە قەدپاڵی چیا. 68 شاخەوان بە هیوای گەیشتن بە یەکێک لە بەرزترین لووتکە چیاکانی کوردستان، ماندووبوونیان نەناسی. دوای چوار کاتژمێر و نیو، گەیشتنە لووتکەی چیای هەڵگورد.

زیرەک زرار، سەرپەرشتیار لە فیدراسیۆنی شاخەوانی سۆران، بە هێرۆ مەولوودی، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "ئامانجی سەرەکیمان گەیشتن بوو بە بەرزترین لووتکە چیای کوردستان، کە چیای هەڵگوردە. سوپاس بۆ خوا هەموو شاخەوانەکان بە سەلامەتی گەیشتن."

ئیدریس مام وەلی، ئەندامی تیمی شاخەوانی سلێمانی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "ئاڵای کوردستانمان لە لووتکەی چیای هەڵگورد گۆڕی بۆ پلێت، بۆ ئەوەی بەرگەی گەرما و سەرما و کەشوهەوای سەخت بگرێت."

سارا بەرزوون، شاخەوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا: "زۆر خۆشحاڵم بە ناسینی ئەم تیمەی شاخەوانی و تیمێکی جوانمان پێک هێناوە."

فەرهەنگ ئەرسەلان، شاخەوانی هەولێر، بە پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "دەستخۆشی لە کوردستان24 دەکەین و ئێوە هێز و ورەتان بە ئێمە بەخشی بۆ ئەوەی بتوانین بەردەوام بین و بگەین بە لووتکەی چیاکە."

شاخەوانانی کورد لە بەرزایی لووتکە چیای هەڵگورد کە 3607 مەترە، بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و ڕێزگرتن لە شەهیدانی ژینگەپارێزی هەڵەبجە و سنە و وێنەگرتن لەسەر لووتکەی چیاکە، سەرکەوتنی خۆیان تۆمار کرد.

 
 
Fly Erbil Advertisment