وەزارەتی دارایی: مووچەی مانگی شەش خرایە سەر هەژماری بانکیمان

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی شەشی خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ دووشەممە، 01ـی ئەیلوولی 2025، یەک ترلیۆن و حەوت ملیار و 352 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆران خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

چاوەڕێ دەکرێت هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران بڵاوبکاتەوە و لە سبەی سێشەممەوە، 02ـی ئەیلوولی 2025، دەست بە دابەشکردنی بکات. 

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئەم مانگە زیاتر لە 465 هەزار مووچەخۆری حکوومیی هەرێمی کوردستان، مووچەی مانگی حوزەیران (شەش) بە شێوەیەکی دیجیتاڵی لە ڕێگەی پڕۆژەی "هەژماری من"ەوە وەردەگرن. 

ژمارەی فەرمانبەران کە بە دیجیتاڵی مووچەی مانگی شەش وەردەگرن، بەپێی پارێزگاکان:

1.  هەولێر: 262,050 فەرمانبەر. 

2.  سلێمانی: 71,120 فەرمانبەر. 

3.  دهۆک: 132,500 فەرمانبەر. 

4.  گشتی: 465,670 فەرمانبەر. 

 

جۆری سوودمەندانی مووچەخۆر:

- فەرمانبەری مەدەنی: 254,230

- پێشمەرگە و ئاسایش: 191,000

- خانەنشینەکان: 20,500

 

دوێنێ یەکشەممە 31ی ئابی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێم لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکە دا، شاندەکە دوایین ئەنجامی گفتوگۆکانیان سەبارەت بە بابەتە تەکنیکی و یاساییەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ خستەڕوو و ئاماژەیان بەوە دا کە داتا و زانیاری تەواویان پێشکەش کردووە و ڕوونکردنەوەی پێویستیان لەبارەی هەموو کێشە و بابەتەکان داوە.

کۆبوونەوەکە جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆکان و خێراترکردنی ڕێرەوی دانوستان بە ئاراستەی گەیشتن بە ڕێککەوتن و دابینکردنی مافە دەستووریی و یاساییەکان و مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment