فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی بێ ئاوی دەدات

ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند: ئێران ئاوی زێی بچووکی بەتەواوی گرتەوە، پڕۆژەی ئاوی خاس کەئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ لەو سەرچاوەوە دابین دەکات، ڕاگرت، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی قەڵادزێش هەوڵی چارەسەرکردنی خێرای کێشەکە دەدات، بەڵام دڵنیانییە لەوەی، دەتوانن ئاوی خواردنەوەی ناوچەکە دابین بکەن یاخود نا.
ڕاشیدەگەیەنێت: بەهۆی وەستانی پرۆژەی ئاوی خاس، بۆ ماوەیەک دابەشکردنی ئاوی خواردنەوەی گەڕەکەکانی قەڵادزێ وەستاوە، ئەمەش کێشەی بۆ هاووڵاتییان و دانیشتووانی ناوچەکە دروست کردووە.
مارف مەحموود، بەڕێوەبەری ئاوی قەڵادزێ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئێران بۆ پڕکردنەوەی گرفتی کارەبا لەناوخۆدا، لە بەنداوی کۆڵەسە کە دەکەوێتە سنووری شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەنداوێکی لە ساڵی 2017ـەوە لەسەر زێی بچووک دروستکردووە، پرۆژەیەکی کارۆئاوی لەسەر پرۆژەکە داناو کە، توانای بەرهەمهێنانی 150 مێگا کارەبای هەیە، ئێستا ئێران پرۆژەکەی بەکارخستووە بۆ ئەوەی پێویستی ناوخۆی کارەبای پێ پڕ بکاتەوە، بۆیە ئاوی زێێ بچووکی بە تەواوی گرتووەتەوە.
دەشڵێت: ئێران ساڵانە لەم وەرزەدا ئاوەکەی کردووەتەوە، بەڵام ئەمساڵ، بەتایبەتیش دوای شەڕی 12 ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل، دووچاری کێشەی کەمی کارەبا بووەتەوە، بۆیە ئاوی زێی بچووک دەگرێتەوە و بۆ پڕکردنەوەی کێشەی کەمی کارەبا سودی لێ وەردەگرێت.
بەڕێوەبەری ئاوی قەڵادزێ دەڵێت: لە هەوڵی ئەوەدان چارەسەرێکی کاتی بۆ کێشەکە بکەن بە دروستکردنی بەربەست بۆ ئەو ڕێڕەوە ئاویە ناوخۆییانەی کە هەن، بۆ ئەوەی بڕە ئاوەکە، بڕژێتە نێو پرۆژەی ئاوی خاس کە ئاوی قەڵادزێ دابین دەکات، بەڵام دڵنیانین لەوەی، ئەو بڕە ئاوە بەشی خواردنەوەی دانیشتووان دەکات یاخود نا.