وەزارەتی دارایی: ئەم ھەفتە ھەموو وەزارەتەكان مووچە وەردەگرن

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند ئەم هەفتە سەرجەم وەزارەتەكان مووچە وەردەرگرن و تا كۆتایی ئەم ھەفتە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئاب كۆتایی دێت.

بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان: ئەمڕۆ و سبەی مووچەی مانگی ئابی وەزارەتی ناوخۆ و ھەر سێ سەرۆكایەتییەکەی ھەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت.

وەزارەتی دارایی دەشڵێ: "تاوەکوو رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو پڕۆسەی دابەشكردنی مووچە بەردەوام دەبێت و مووچەی خانەنشینانیش دابەش دەكرێت".

بەپێی خشتەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی كوردستان بە دابەشكردنی مووچەی خانەنشنان كۆتایی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئابی ساڵی 2015ی فەرمانبەرانی ھەرێم دێت.

بەھۆی بڕینی بودجەی ھەرێمی كوردستان لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە نزیکەی دوو ساڵە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە داھاتی هەرێم مووچەی فەرمانبەرانی دەدات.

Fly Erbil Advertisment