زانیاری لە بارەی بەڕێوەچوونی بیستەمین كۆنگرەی گەشتوگوزاری نێودەوڵەتی
71 وڵات لە کۆنگرەکەدا بەشدارن
K24- ئیستەنبوڵ
بەمەبەستی تاوتوێكردنی رەوشی گەشتوگوزار لە وڵاتانی جیھان، بیستەمین كۆنگرەی گەشتوگوزایی نێودەوڵەتیی بە بەشداریی 71 وڵات لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت.
خالس بێلین، ئەندامی ژووری بازرگانیی ئامەد لە باكووری كوردستان، كە یەكێكە لە بەشداربووانی كۆنگرەكە بە (كوردستان24)ی راگەیاند: "لەم كۆنگرەیەدا ھەر وڵات و شارێك پێشكەوتنەكانی بواری گەشتوگوزاریی باس دەكات و دەناسێنێت، ئێمەش وەك نوێنەری شاری ئامەد ھەرچەندە شەڕ لە ناوچەكەماندا ھەیە، بەڵام ئەگەر شەڕیش ھەبێت دەبێ ئابووریی ھەبێت و ژیان بەردەوام بێت".
خالس بێلین گوتیشی: "كەرتی گەشتوگوزار لە شاری ئامەد چەندین لایەنی جیاوازی ھەیە، ئێمەش ھاتووین لەم كۆنگرەیەدا ھەموو لایەنە گرنگەكانی گەشتوگوزار لە ئامەد بناسێنین، وەك ئەو ھۆتێل و خواردن و خواردنەوانەی لە ناوچە گەشتیارییەكانی شارەكەماندا ھەن باسیان لێدەكەین بۆ ئەوەی ئامادەبووان پێیان ئاشنابن".
كۆنگرەی گەشتوگوزاریی نێودەوڵەتیی ساڵانە لەسەر ئاستی جیھان رێكدەخرێت، ئەمساڵیش بەبەشداریی نوێنەر و شارەزایانی 71 وڵاتی جیھان، ماوەی دوو رۆژە ئەم كۆنگرەیە دەستی بە كارەكانی كردووە و بڕیارە تا 31ی ئەم مانگە بەردەوام بێت.