كەرتی نەوتی ئێران پێدەنێتە قۆناغێكی مەترسیدار
ھەناردەكانی بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە

K24 - ھەولێر
كەرتی نەوتی ئێران پێدەنێتە قۆناغێكی مەترسیدارەوە و مانگی رابردوو ھەناردەكانی بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە.
بەگوێرەی داتاكانی كۆمپانیای ئێس ڤی بی ئینتەرنەشناڵی تایبەت بە راوێژی، ھەناردە نەوتییەكانی ئێران لە ماوەی مانگی شوباتی ئەمساڵدا و بەھۆی سزاكانی ئەمەریكاوە بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە، بەجۆرێك بەنزیكەی 238 ھەزار بەرمیلی رۆژانە دابەزیوە.
ئێران ھەر لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2018ـەوە بەھۆی سزاكانی ئەمەریكاوە لەسەر ھەناردە نەوتییەكانی، بەشێوەیەكی بەرچاو كاریگەر بووە، لە ئەنجامیشدا ئێران دەستی بە بەكارھێنانی جێگرەوەی نایاسایی كرد، بۆ ئەوەی نەوتەكەی بەبازاڕ بكات، ئەوەش لە كاتێكدایە سزاكانی ئەمەریكا بووە ھۆكار، ئێران دووچاری قەیرانێكی گەورەی دارایی و ئابووری و نەختینەیی ببێتەوە و لە ئەنجامیشدا ھەژاری و بێكاری رووی لە زیادبوون كرد.