رووماڵ

دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سیستانی.. پاپا فرانسیس گەیشتە ناسریە

پاپا فرانسیس گه‌یشته‌ ناسریه‌ و لە پەرستگای ئور لەگەڵ پێكھاتەكان كۆبووه‌وه‌

وێنه‌ی پاپا فرا‌نسیس و سیستانی له‌ نه‌جه‌ف - 6/3/2021
وێنه‌ی پاپا فرا‌نسیس و سیستانی له‌ نه‌جه‌ف - 6/3/2021

K24 – ھەولێر

دوای كۆتاییهاتنی دیداره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئایه‌توڵڵا عه‌لی سیستانی، مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كانی عێراق، پاپا فرانسیس، پاپا ڤاتیكان گەیشتە شاری ناسریە و لە پەرستگای ئور لەگەڵ پێكھاتەكان كۆدەبێتەوە.

سۆران كامەران، پەیامنێری كوردستان24 لە ئور، رایگەیاند، نوێنەری پێكھاتە ئایینییەكان بەشداریان لە دیدارەكەی پاپا كردووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە كۆبوونەوەی پاپا فرانسیس لە پەرستگای ئور، بە بەشداری نوێنەری ھەموو ئایینەكان نوێژی ئاشتی دەكرێت.

نوێنەری پێكھاتەكان چەند پەیامێك پێشكەش دەكەن و وێرای خۆشحاڵیان بۆ ھاتنی پاپا فرانسیس، جەخت لە ئاشتی و پێكەوەژیان لە عێراق دەكەنەوە.

لە وتارێكدا پاپا فرانسیس، رایگەیاند: "لێرەوە ھیواخوازین كە ئاشتی زیاتر بەرپا بێت، پێویستە ھەموومان پێكەوە كار بكەین و ھاوكاری یەكتربین، لێرەشەوە پەیامی ئاشتی بۆ جیھان بڵاوبكەینەوە".

راشیگەیاند: "دەبێ رێز لە ئازادی ئایینی بگرین، ناكرێ بە جیاوازیی و ھەر یەكەمان بۆ خۆمان كار بكەین، بەڵكو دەبێ ھەموومان پێكەوە ئەم كاروانە بگەیەنینە شوێنی خۆی. دوای ئەو دۆخە ناخۆشەی بەڕێمان كردووە دەبێ نزا لە خوا بكەین پێكەوە بمان ھێڵێتەوە".

لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا، پاپا گوتی: "ئێمە لێرەوە نوێژ بۆ ھەموو رۆژھەڵاتی دەكەین، دەخوازین ناكۆكییەكان وەلانێن و گوتاری توندوتیژی بگۆڕین بۆ ئاشتی و پێكەوەژیان".

پاپای ڤاتیكان، ئاماژەی بەوەشدا: "بۆ بەدیھێنانی ئامانجەكانمان دەبێ یەكگرتووبین، پێویستە ھەموومان ھەوڵی ژیانێكی باشتر بدەین و گەنجەكانمان پێكەوەژیان ھانبدەین، ھەروەھا ئەوەی خوا بە مرۆڤەكانی بەخشیوە نابێ لێی زەوتبكرێت".

پێشتر سەر لەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 6/4/2021، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكان و عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكان لە نەجەف كۆبوونەوە و لە راگەیەندراوێكدا نووسینگەی سیستانی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، عەلی سیستانی باسی لەوەکردووە، خەڵکێکی زۆر لە ژمارەیەک وڵات بەھۆی ئایین، ئازادی رادەبڕین و نەبوونی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیییەوە، بەدەست ستەملێکردن، سەرکوتکاری و چەوسانەوەوە دەناڵێنن، بەتایبەتیش ژمارەیەک لە گەلانی ناوچەکەمان بەدەست شەڕ، کردەی توندوتیژیی و گەمارۆی ئابووریی، پڕۆسەکانی راگواستن دەناڵێنن.

سیستانی جەختیکردووەتەوە، گرنگە ھەوڵەکان لەپێناو بەدیھێنانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە سەرجەم کۆمەڵگەکاندا چڕتربکرێنەوە و داواشی کردووە کە پەیڕەوانی سەرجەم ئایینەکان، مافەکان و رێزگرتن لەیەکتر رەچاو بکەن.

لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا باس لەوەکراوە، لە میانی دیدارەکەدا، عەلی سیستانی خۆشحاڵی خۆی نیشانداوە بەسەردانەکەی پاپا فرانسیس بۆ شاری نەجەف.