مووچەی پێشمەرگە بە ئەلیکترۆنی دەکرێت
"لەبارەی بە ئەلیکترۆنی کردنی مووچەی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیەکانی وەزارەت کۆبووەوە"

K24 – هەولێر
وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای دەکات، لەگەڵ راوێژکارێکی سەربازی هۆڵەندا باسیان لە دروستکردنی داتابەیسێکی ناوەندی لە وەزارەت بە هەماهەنگی و پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانان کردووە، بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا پڕۆژەی بە ئەلیکترۆنی کردنی مووچەی پێشمەرگە جێبەجێ بکەن.
بەگوێرەی سەنتەری میدیا لە وەزارەتی پێشمەرگە "لە 25/5/2021، بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی، لەگەڵ راوێژکاری سەربازی وڵاتی هۆڵەندا کۆڵۆنێڵ (یان تێن هۆڤ) کۆبوونەوەیەکی بەڕێوەبرد، لەگەڵ نوێنەری بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەت، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پڕۆژەی بە ئەلیکترۆنی کردنی مووچەی پێشمەرگە. نوێنەری بەڕێوەبەرایەتییەکان پێکهاتبوون لە (نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری سەربازی، بەڕێوەبەرایەتی پلاندانان و رێکخستنی میلاکات، بەڕێوەبەرایەتی ئیدارەی ئەفسەران، بەڕێوەبەرایەتی ئیدارەی کارمەندان و بەڕێوەبەرایەتی گەیاندن)".
ئاماژە بەوەشکراوە "لە کۆبوونەوەکەدا جەختکراوە لە دروستکردنی داتابەیسێکی ناوەندی لە وەزارەت بە هەماهەنگی و پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانان، بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا پڕۆژەکە بە ئەنجام بگات وهەنگاو بنرێت بۆ جێبەجێکردنی".