بۆ دامەزراندنی وێستگەی ئەتۆمی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان عێراق و رۆساتۆم واژۆدەکرێت

عێراق دەیەوێت هەشت وێستگەی کارۆناوەکی بنیات بنێت

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

ئەلێکسی لیخاتشۆف سەرۆکی دامەزراوەی رۆساتۆم بۆ وزەی ناوەکی رایگەیاند، بۆ دامەزراندنی وێستگەی ئەتۆمی بە تەکنەلۆژیای رووسی لەگەڵ عێراق دەستیان بە گفتوگۆ کردووە.

بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی نۆڤۆستی، لیخاتشۆڤ ئاماژەی بەوەداوە، دوای کۆتاییهاتنی دانوستاندنەکان کۆمپانیای رۆساتۆم یاداشتنامەی لێکتێکگەیشتن لەبارەی هاوکاری بواری وزەی ناوەکی لەگەڵ بەغدا واژۆ دەکات.

ئەمە لە کاتێکدایە کۆمپانیای رووسنەفت ئاماژەی بەوەدابوو، لە توێژینەوەدان بۆ دامەزراندنی پڕۆژەی وێستگەی کارۆناوەکی لە عێراق.

چەند سەرچاوەیەک بە ئاژانسەکەیان راگەیاندووە، لە چوارچێوەی دانوستاندن لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی لەگەڵ عێراق، گفتوگۆ لەبارەی خشتەی کارەکان لەبواری وزە و چەند بابەتێکی دیکە دەکرێت کە پەیوەست نییە بە وزەی تەکنەلۆژیای وزەی ئەتۆمی.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دەسەڵاتدارانی عێراق ئاشکرایان کردووە، کە ئامانجیانە 8 وێستگەی کارۆناوەکی بە گوژمەی نزیکەی 40 ملیار دۆلار لە ساڵانی داهاتوو بنیات بنێن، کە ئامانج لێی بەرهەمهێنانی کارەبایە کە خواستی هاووڵاتییانە بەردەوام بەرزدەبێتەوە و وێسگەکانی دیکە توانای دابینکردنی کارەبای پێویستیان نییە.

Fly Erbil Advertisment